لە هەولێر یاری شەترەنج شوێن بە یارییەكانی دیكە لەق دەكات

لە هەولێر یاری شەترەنج شوێن بە یارییەكانی دیكە لەق دەكات
یانەی وەرزشی شەترەنجی خانزاد وەكو نەریتی ساڵانەی خۆی لە درێژەی كارو چالاكییەكانی خۆی وەكو پرۆگارامەكانی كاركردن بەمەبەستی پێگەیاندن و دروستكردنی یاریزانی شەترەنج بۆشاری هەولێر، خولێكی فێركردنی بۆ نزیكەی زیاتر لە بیست منداڵ بۆماوەی شەش رۆژ ئەنجامدا، ئێمەش سەبارەت بەم خولە ئەم راپۆرتەمان ئەنجامدا.

سەرەتا (دیار حەمە ساڵح)ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی شەترەنجی خانزاد لە بارەی خولەكە وتی «مەبەستمان لە ئەنجامدانی ئەم خولە دروستكردن و بناغەی پێگەیاندنی یاریزانی شەترەنجە بۆشاری هەولێر، بۆئەوەی لە داهاتوو سوودیان لێ ببینین.وتیشی ئەمساڵ لەم خولە ژمارەیەكی كەم لە یاریزانانی شاری هەولێر بەشداربوون، ئەویش بەهۆی یارییەكانی مۆندیاڵ بوو .چونكە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان بەسەیركردنی یارییەكانی مۆندیال خەریكن.وتیشی ئەوە پڕۆگرامی ئێمەیە كە زیاتر لە هاوین خولی فێربوون دەكەینەوە، چونكە لەم وەرزە زۆربەی یاریزانان قوتابین و لە پشوو دان. وتیشی یاریی شەترەنج جگە لەوەرزش زانستیشە، ئێمەش خول بۆهەردوو ئاستی كوڕان و كچان ئەنجام دەدەین. هەوڵ دەدەین ئەو جۆرە خولانە بەردەوام بێت. وتیشی كێشەی سەرەكیمان نەبوونی هۆڵی تایبەت بەم یارییەیە، لە بارەی هاوكاری ئەم خولەش تەنیا یانەی خانزاد هاوكاری ئەم خولەی كردووە.

(نما قاسم)تەمەن 8 ساڵ وتی بەڕاستی ئەم خولە كارێكی باشە لە بری ئەوەی ئێمە بچین كاتی خۆمان بە شتی خراپ و بێسوود بە فیرۆبدەین، لێرە خۆمان فێری یاری شەترەنج دەكەین. هیوداریشنین كردنەوەی خولی لەمجۆرە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە كێشەمان نەبوونی هۆڵە، بەهیوای ئەوەین هۆڵێكی تایبەت بەخۆمان هەبێت بۆئەوەی بتوانین ئاستی خۆمان بەرەو پێش ببەین، لە داهاتوو بتوانین ببینە یاریزانی شاری هەولێر و ناوی هەولێر بەرز كەینەوە.

(محەمەد عەبدوڵڵا)تەمەن 13ساڵ لە بارەی خولەكە وتی «بە بۆچوونی خۆم كردنەوەی خولی فێركردنی یاری شەترەنج شتێكی باشەو رۆژانە لە یانەی خانزاد سوودێكی زۆرمان بینیوە، فێری یارییەكی زانستی بووینە، بەهیوای ئەوەین كردنەوەی خولی لەمجۆرە بەردەوام بێت، بۆئەوەی بتوانین زۆرترین زانیاری لەسەر یاری شەترەنج بزانین بۆئەوەی لە داهاتوو ناوی شاری هەولێر بەرز كەینەوە و ببینە نموونەی یاری شەترەنج لە شاری هەولێر و كوردستان. ئەگەر ئەم خولانەش بەردەوام بێت، ئەوا ئێمەی منداڵ باشترین سوودمان دەبێت.

(مستەفا هەڤاڵ) تەمەن 10ساڵ وتی«لە ماوەی شەش رۆژی رابردوو توانیم سوودێكی زۆر لە یانەی خانزاد وەربگرم بە فێربوونم لە یاری شەترەنج، ئێمە دوو سوود وەردەگرین، لە یانەی خانزاد هەم فێربوونی یاری شەترەنج و هەم یارییەكی زانستیە. ئەگەر ئەمجۆرە خولانە لە هەموو یارییەكان بەردەوام بێت، كارێكی باشە بۆمنداڵان بۆئەوەی زۆترین كات لە شتی بەسوود سەرف دەكەین، نەك سوڕانەوە لەسەر شەقامەكان، بەڵام لێرە هۆڵەكە زۆر بچووكە، ئەگەر بكرێت هوڵێكی گەورەترمان بۆدروست بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نموونەی یاریزانی چالاكمان لێ دەربچێت.

(مەحمود سەباح)تەمەن 13 ساڵ وتی «ئەم خولە سوودێكی زۆری هەبوو بۆ ئێمەی منداڵ، چونكە لەماوەیەكی زۆر كورتدا فێری یاری شەترەنج بووین.كردنەوەی خول بە شێوەیەكی فراوان بێت باشترە، چونكە ماوەی خولەكە كەمبوو، ئەگەر زۆرتر بێت باشترە، بۆئەوەی سوودەكەی زیاتر بێت، بەڵام نەبوونی هۆڵێكی پێویست ئەمە دەبێتە گرفت بۆیاریزانان و ئەگەر بكرێت هوڵێكی گەوەرەتر دروست بكرێـت باشترە، بەڵام خولێكی زۆر سەركەوتوو بوو.
(لاوێن قاسم)تەمەن 10 ساڵ لە بارەی خولەكە وتی « ئێمەی كچ بەشداری ئەم خولەمان كردووە سوودی زۆرمان بنیوە، فێری یاری شەترەنج بووینە لە یانەی خانزاد، خۆشی كردنەوەی خول سوودی زۆری دەبێت، لێرەش زۆر سوودمان بینی وەكو هەردوو شێوزای تیۆری و پراكتیكی وانەكانمان پێشكەش دەكرا، هیوداریشم خولی لەمجۆرە زۆرتر بكرێتەوە و سوودی زۆریشی دەبێت، بەڵام هۆڵێكی گەورەمان بۆدروست بكرێت باشترە.
Top