ئـایـا هـەولـێر دەتوانێـت پارێزگـــــــــاری لە نازناوی خولی عێراق بكات
هەولێر چاوی لە نازناوی چوارەمە
یانەی هەولێر دوای ئەوەی توانی لەسێ وەرزی رابردوو لەسەر یەكدی ببێتە پاڵەوانی خولی عێراق و دەستكەوتێكی مێژوویی بۆخۆی تۆمار بكات، زۆربەی چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن، كە یانەی هەولێر پاڵێوراوێكی بەهێزە بۆ بە دەستهێنانی نازناوی خولەكە، چونكە خاوەن چەندین یاریزانی بە توانایە و لە هەمان كاتدا بۆندی لەگەڵ راهێنەرێكی بە توانای وەكو ئەیوب ئۆدیشۆ مۆركردووە، ئەم راهێنەرە خاوەن ئەزموونێكی یەكجار زۆرە، بەڵام یانەی هەولێر لە یارییەكانی بژاردە لەگەڵ چەندین یانەی بەهێزی وەكو شوڕتە و نەجەف یاری دەكات، ئەم دوو یانەیە خاوەن چەندین یاریزانی بە توانانن و دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر هەموو شتێكی بۆ تیپەكە دابینكردووە و لە هیچ لایەك كێشەیان نییە، بۆیە دەبێت یاریزانەكان لەم خولە باشترین ئاست پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بۆ جاری چوارەم نازناوی خولی نایابی عێراق بگەڕێننەوە پایتەختی هەرێمی كوردستان.
یانەی هەولێر پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەرە
لە هەموو جیهان وا باوە، كە جەماوەر یاریزانی ژمارە 12یە لە نێو یاریگە، چونكە هەردەم جەماوەر لە هەموو كات و ساتێكدا رۆڵی خۆی دەبینێت و دەتوانێت كاریگەری لە تیپی بەرامبەر بكات، لە یارییەكانی خولی نایابی عێراق ئەوەی تێبینی دەكرا لە یارییەكانی یانەی هەولێر، جەماوەر وەكو پێویست ئامادەی یارییەكان نەدەبوو لە هەندێك یاری هەر جەماوەر ئامادە نەدەبوو، رەنگە گۆڕینی یاریگە لە شەهید فرەنسۆ بۆ مەسیف سەڵاحەدین دواتر بۆ یانەی هەندرێن گاریكەری لە ئامادەنەبوونی جەماوەر كردبێت، بەڵام یارییەكانی خولی بژاردە لە 15ی ئەم مانگە دەست پێدەكات،دەبێت جەماوەر لە گشت یارییەكان بە ژمارێكی زۆر ئامادەی یارییەكان بن، چونكە یانەی هەولێر لە قۆناغێكی هەستیار دایە و پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەر هەیە، لە هەمان كاتدا یارییەكانی خولی بژاردە تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە گشت یارییەكان بەهێزن.
بۆیە داواكارین لە یارییەكانی داهاتوو جەماوەر ببێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ یانەی وەرزشی هەولێر وەكو ساڵانی رابردوو، كە چۆن بە پەرۆشەوە ئامادەی یارییەكانی دەبوون، ئەمساڵیش بە هەمان شێوە ئامادەی یارییەكان بن.
دهۆك هەوڵی ئەنجامێكی باش دەدات
یانەی وەرزشی دهۆك لە خولی نایابی عێراقدا تووشی چەندین گرفت هات، هەرچەندە توانی بگاتە خولی بژاردەی عێراق، بەڵام ئاستی تیپی تۆپی پێ وەكو پێویست نییە، هەرچەندە بۆندیان لەگەڵ چەندین یاریزانی پیشەگەر مۆركردووە، بەڵام ئەنجامەكان بە دڵی جەماوەری یانەكە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی یانەی وەرزشی دهۆك بە فەرمی دەستی لە كاركێشاوە لەم كات و ساتدا دەبێتە گرفتێكی دیكە بۆ یانەی دهۆك، جەماوەری یانەی دهۆك چاویان لە نازناوی خولەكەیە بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا.
ئایا تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆك دەتوانێت هەمان دەستكەوتی تیپی تۆپی باسكە دووبارە بكاتەوە، كاتێك توانی دووجار لەسەر یەكدی نازناوی خولی باسكەی عێراق بە دەست بهێنێت.
كەركوك و پێرس و سلێمانی و سیروانی نوێ ماڵئاوا
دوای ئەوەی هەردوو یانەی هەولێر و دهۆك توانیان بگەنە خولی بژاردەی عێراق لە بەرامبەردا چوار یانەی كوردستان ماڵئاواییان لە خولی پلە نایابەكانی عێراق كرد و دابەزینە خولی پلە یەكەكانی عێراق، پێش دەستپێكردنی خولی پلە نایابەكانی عێراق هەردوو یانەی سیروانی نوێ و سلێمانی بە فەرمی كشانەوەی خۆیان لە خولی نایابی عێراق راگەیاند بەهۆی خراپی باری دارایی و یانەی پێرس توانی لە قۆناغی یەكەم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و كێشەیەكی زۆری بۆ یانەكان دروست كردبوو، بەڵام پێش دەستپێكردنی یارییەكانی قۆناغی دووەم، یانەی پێرس بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق راگەیاند بەهۆی خراپی باری دارایی، بۆیە ئەم سێ یانەیە راستەوخۆ دابەزینە خولی پلە یەكەكانی عێراق بۆ تۆپی پێ، بەڵام یانەی كەركوك لە دوا ساتەكانی ئەم خولە بە جیاوازی گۆڵ دابەزییە خولی پلە یەكەكان، هەرچەندە یانەی ناوبراو چەندین گۆڕانكاری ئەنجامدا لە هێنانی یاریزانان لە دەرەوەی شاری كەركوك و راهێنەرێكی نوێ، بەڵام ئەمانە هیچ سوودێكی نەبوو.
ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنیا سێ یانەی كوردستان لە خولی نایابی عێراق یاری دەكەن، ئەوانیش هەریەكە لە زاخۆ و هەولێر و دهۆك.
ئایا یانەكانی كوردستان دەتوانن لە خولی پلە یەكەكان سەركەون بۆ خولی نایابی عێراق
خولی بژاردە
وەكو ئاماژەم پێدا لە خولی بژاردە 12 یانە بەشداری دەكەن بەسەر سێ كۆمەڵە دابەش كراون، هەر كۆمەڵەیەك لە چوار یانە پێكهاتووە و لە هەر كۆمەڵەیەك یەك یانە سەردەكەوێت بۆ چوارگۆشەی زێڕین لەگەڵ باشترین یانە كە دەبێتە خاوەن پلەی دووەم، لە هەرسێ كۆمەڵە یارییەكان بە شێوازی خول بە دوو قۆناغ بەڕێوە دەچن و لە 15ی ئەم مانگە یارییەكان دەست پێدەكات.
كۆمەڵەكانیش بریتین لە.
كۆمەڵەی یەكەم: زەورا، بەغداد، تەڵەبە، سەناعە.
كۆمەڵەی دووەم: هەولێر، شوڕتە، نەجەف، كارەبا.
كۆمەڵەی سێیەم: قوە جەویە، دهۆك، نەفت جنوب، كەربەلا.
خشتەی یارییەكانی هەفتەی یەكەم بەمشێوەیە.
یارییەكانی رۆژی پێنجشەممە 15-7
كۆمەڵەی یەكەم
بەغداد – زەورا یاریگەی كەرخ
سەناعە – تەڵەبە یاریگەی سەناعە
كۆمەڵەی دووەم
كارەبا – نەجەف یاریگەی جەویە
هەولێر – شوڕتە یاریگەی شەهید فرانسۆ
نەفت جنوب – كەربەلا یاریگەی ناسریە
قوە جەویە – دهۆك یاریگەی قوە جەویە