ئه‌مرِۆ خوله‌ وه‌رزشییه‌كانى پێشه‌نگى منداڵانى كوردستان ده‌ستیپێكرد

ئه‌مرِۆ خوله‌ وه‌رزشییه‌كانى  پێشه‌نگى منداڵانى كوردستان ده‌ستیپێكرد
له‌ژێر دروشمى (وه‌رزش و یاریكردن یه‌كێكه‌ له‌مافه‌ رِه‌واكانمان)، له‌ درێژه‌ى چالاكییه‌كانى رۆژى جیهانى مندڵان و به‌بۆنه‌ى ده‌ستپێكردنى پشووى هاوین، رێكخراوى پێشه‌نگى منداڵانى كوردستان ئه‌مرِۆ سێ شه‌ممه‌ 15/6/2010 خولێكى تۆپى پێی بچوككراوه‌ى بۆ 50 تیپی بێچووه‌ شێرانى یانه‌ و تیپه‌ میللیه‌كانى ناو شارى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى كرده‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ شێخ تاریق خورشید سه‌رۆكی رێكخراوی پێشه‌نگی مندالاَن گوتى: خوله‌كه‌ به‌شێوازى یه‌ك دۆراندن بۆ ده‌ره‌وه‌ و له‌یاریگه‌ى چیمه‌نى ده‌ستكردنى خۆشناو به‌رِێوه‌ده‌چێت و له‌ باره‌گاى رِێكخراوى پێشه‌نگى منداڵانیش له‌ هه‌ولێر، خولێكى فێربوونى تۆپى باله‌و بلیارد به‌شێوه‌ى پراكتیكى بۆ 40 مندالڕ كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ردوو خوله‌كه‌ش به‌سه‌رپه‌رشتى پسپۆرِانى وه‌رزشى (عه‌بدولغه‌نى سوڵتان و وه‌لى محه‌مه‌د و عه‌بدولره‌حمان حاجى) به‌رِێوه‌ده‌چێت .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ شێخ تاریق گوتى: به‌بۆنه‌ى پشووى هاوین، یه‌كه‌ى چالاكی وه‌رزشی و دێده‌وانی په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر خولێكی فێربوونی یارییه‌كانى تۆپی سه‌رمێز و باله‌و باسكه‌و تۆپی پێ بۆ 60 مندالاَنى رێكخراوه‌كه‌مان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگی ته‌مموز ده‌ست پێده‌كات و سێ هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت.
Top