ئیتاڵیای پاڵه‌وانی مۆندیال به‌زۆر گۆڵی یه‌كسان بوونی له‌ به‌رامبه‌ر پاراگوای هێنایه‌وه‌

ئیتاڵیای پاڵه‌وانی مۆندیال به‌زۆر گۆڵی یه‌كسان بوونی له‌ به‌رامبه‌ر پاراگوای هێنایه‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
دوێنێ شه‌و كاتژمێر 9 و نیو به‌كاتی هه‌ولێر یاری یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌می جامی جیهانی له‌ نێوان پاڵه‌وانی مۆندیالی پێشوو هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیاو هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای به‌رِێوه‌چوو، وه‌كو پێشبینی ده‌كرا له‌م یارییه‌دا پاراگوای ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا دوای مۆندیالی رابردوو و جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورِوپای 2008 و جامی كیشوه‌ره‌كانی 2009 كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ڵبژارده‌ی میسر له‌ پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ ده‌ركراو، هه‌روه‌ها دوای ئه‌و ئاسته‌ خراپه‌ی له‌ یارییه‌ دۆستانه‌ خۆ ئاماده‌كارییه‌كان پێشكه‌شی كرد.
سه‌ره‌تا بۆ چه‌ند خوله‌كێك ئیتاڵییه‌كان ویستیان گۆڵێك تۆماربكه‌ن و دواتریس وه‌كو شێوازی یاریكردنی كلاسیكی خۆیان بگه‌رِێنه‌وه‌ دواوه‌و به‌رگری له‌ گۆڵه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌لاَم دوای چاره‌گێك هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای ده‌ستی به‌هێرشه‌كانی خۆی كرد بۆ سه‌ر گۆڵی بۆفۆن و تا له‌ خوله‌كی 39 توانیان له‌ رێگه‌ی یاریزان ئه‌نتۆلین ئه‌لكاراز گۆڵ تۆماربكه‌ن.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گێمی دووه‌م راهێنه‌ری ئیتاڵیا مارچیلۆ لیپی یه‌كه‌م گرِانكاری خۆی ئه‌نجامدا له‌و كاته‌ی گۆڵچی فیدریكۆ ماركێتی له‌ شوێنی گۆڵچی سه‌ره‌كی جان لویجی بۆفۆن یاری پێكرد، دواتریش ئیتاڵیا له‌ خوله‌كی 63 له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گۆڵچی پاراگوای توانی له‌ رێگه‌ی یاریزان دانیلی دی رۆسی گۆڵی به‌رامبه‌ربوون تۆماربكات یارییه‌كه‌ش به‌م ئه‌نجامه‌ كۆتایی پێهات.
به‌گشتی ئاستی ئیتاڵیا لاوازبوو، پێشبینی ناكرێ ئیتاڵیا پارێزگاری له‌ ناسناوه‌كه‌ی بكات به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌و به‌و ئاسته‌ له‌و قۆناخه‌ به‌زۆر سه‌ركه‌وێ.
Top