یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ رِه‌نگه‌ دى رِۆسى بهێنێته‌ ریزى یانه‌كه‌ى

یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ رِه‌نگه‌ دى رِۆسى بهێنێته‌ ریزى یانه‌كه‌ى
گولاَن :كارزان كانه‌بى

رِۆژنامه‌كانی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانیایی، بیر له‌ كرِینی یاریزانی یانه‌ی رِۆمای ئیتاڵیایی (دانیێل دی رِۆسی) ده‌كاته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رِۆژنامه‌ی (ئه‌لمۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ـی نزیك له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، له‌ رِاپۆرته‌هه‌واڵێكی سه‌رنجرِاكێشدا نووسیبووی، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ یاریزانی هێڵی ناوه‌ندی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئیتاڵیا و یانه‌ی رِۆما (دی رِۆسی) كردووه‌ته‌وه‌ ئامانج، هه‌روه‌ها له‌ وه‌رزی هاوین و له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئه‌و یاریزانه‌ له‌ یانه‌ی رِۆماوه‌ په‌لكیشی (كامپ نۆ)ـی ده‌كات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ باس له‌وه‌یش كراوه‌، كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ له‌ وه‌رزی داهاتوو ده‌ستبه‌رداری یاریزانی كۆت دیڤواری یانه‌كه‌ (یه‌حیا تۆرێ) ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ رِاهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ (پیپ گواردیۆلا) پێیوایه‌ ئه‌و یاریزانه‌ی ئیتاڵیا ده‌بێته‌ باشترین شوێنگره‌وه‌ی (تۆرێ) له‌ وه‌رزی داهاتوو، گه‌رچی تا ئێستا یانه‌ی رِۆما و یاریزان دی رِۆسی له‌و رووه‌وه‌ هیچ لێدوانێكیان نه‌داوه‌، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌واڵه‌یان بۆ رۆژنامه‌ ئیسپانیاییه‌كه‌ ئاشكرا كردووه‌.
Top