تەلەڤزیۆنی لوولەیی ئێل جی

تەلەڤزیۆنی لوولەیی ئێل جی
تەلەڤزیۆن لەم سەردەمەدا هەر ئەو شاشە مەزن و بچووكانە نین كە فیلم و دیمەنەكان بگوازنەوە، تەلەڤزیۆنەكان هۆشمەندن، لەگەڵ هێڵی ئینتەرنێت لە پەیوەندی دان، تەلەڤزیۆنە قورس و زەبەلاح و كلاسیكیەكان بوون بە مێژوو. شێوازی نیشاندانی و كوالیتی تەلەڤزیۆنەكانیش گۆڕانی بەسەرداهاتووە، باوی تەلەڤزیۆنە تەختەكانیش بەسەرچوو، سەردەمی تەلەڤزیۆنە چەماوییەكانە. بڕیار وایە ئەمساڵ كۆمپانیای LG تەلەڤزیۆنێك بخاتە بازاڕ كە جیاوازە لە هەموو ئەوانە و بەڵكو وەك لوولەكێك وایە و كۆدەبێتەوە.
كوالیتی نیشاندان لەو تەلەڤزیۆنەدا OLED 4Kە. قەبارەی تەلەڤزیۆنەكە 64 ئینجە و سپیكەرەكانی 100 واتی داڵبییە. تەلەڤزیۆنەكە شوێنێكی كەم دەگرێت چونكە هەركاتێك بەكاری نەهێنی دەكرێت بە كۆنترۆڵ كۆی بكەیەوە و ببێتە لوولەیەك و بە دە چركەش ببێتەوە بە تەلەڤزیۆن. خاڵی سەرنج راكێش لە تیڤیەكەدا ئەوەیە دەكرێت شاشەكە چەندی نیازت هەبێ بیكەیەوە، تایبەتمەندی Line Mode تێدایە واتە دەكرێت یەك چوارەمی تیڤیەكە بكرێتەوە و ئەوكات وەك كاتژمێرێك و ئامێرێكی موسیقی سوودی لێوەربگری. تایبەتمەندی نیشاندانی وێنەی لەسەرخۆ وەك نیشاندانی دیمەنێكی سروشتی تێدایە كە بەكارهێنەر هەست پێدەكا ئەوە تابلۆیەكی هونەریییە.
Top