كامێرایەكی تایبەت فیلمیش دەكاتە وێنەی چاپكراو

كامێرایەكی تایبەت فیلمیش دەكاتە وێنەی چاپكراو
فوجی ژاپۆنی یەكێكە لە كۆمپانیا ناسراوەكانی بواری بەرهەمهێنانی كامێرای وێنەگرتن، سەردەمی خۆی كامێرای ئەنالۆگی بەرهەم دەهێنا و ئێستاش كامێرای دیجیتالی. كۆمپانیای نابراو لەم ماوەیەدا كامێرایەكی بەناوی Instax Square SQ20 بەرهەمهێنا كە بێ ئاوێنەیە و هەر لەوكاتەدا وێنەكەت دەگرێ، وێنەكە لەسەر كاغەزی تایبەت بەخۆی چاپ دەكات..
ئەگەر بۆ رابردووی جیهانی كامێرا بگەڕێینەوە، ئەم جۆرە كامیرایانە بە پلۆراید ناسرابوون كە دوای گرتنی وێنەكە پێویستی بە تاقیگە نەبوو، بەكەمتر لە خولەكێك وێنەكە لە كامێراكە دەردەهات.. ئێستا لەسەردەمی دیجیتالیشدا ئەم كامێرایانە بەجۆرێكی دیكە بەرهەم هاتوونەوە. كامیراكەی فۆجیش یەكێكە لەو جۆرە كامێرایانە كە پرێنتی تایبەتی خۆی هەیە.
جیاوازی ئەم كامێرایە لەگەڵ گشت كامێرا هاوشێوەكانی ئەوەیە كە لە فیلمیش وێنە دەگرێت، واتە تۆ ئەگەر فیلمێكت هەیە لەسەر میمۆری خەزنت كردوە، دەكرێت چ بەشێكت مەبەستە بیكەی بە وێنەی سەر كاغەز.. كامێراكە دوو رەنگی پەمەیی و رەشی هەیە، لە سیستەمی فۆرماتی jpg پشتیوانی دەكات، شوێنی دانانی سەد وێنەی هەیە. هەندێك تایبەتمەندی دیكەی كامێراكە ئەوەیە چوار وێنە پێكەوە دەگرێت، دەتوانی وێنەی سێلفیشی پێبگری.
Top