لە ژەمی بەربانگدا پەلە لە خواردن مەكە

لە ژەمی بەربانگدا پەلە لە خواردن مەكە
هەموو پسپۆڕانی تەندروستی لەسەر ئەوە كۆكن كە لەسەرخۆ خواردن و جوینی باشی خۆراك جگە لە وەرگرتنی چێژی تەواو لە خۆراك، هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە ناڕەحەتی و گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس، ئەگەر لەكاتی بەربانگدا بە پەلە خۆراك بخۆیت، ئەوا چێژی تەواو لە خۆراك وەرناگریت و پاش خواردن و تێربوون ئەگەری ناڕەحەتیی گەدە، یان بەدهەرسی Dyspepsia، یانیش كۆبوونەوەی گاز لە كۆئەندامی هەرسدا دێتە پێشەوە. رێژەیەكی زۆری رۆژووەوانان لەكاتی بەربانگدا بە سادەیی چێژی تەواو لە خۆراكە جۆراوجۆرەكان وەرناگرن، لەبەر ئەوەی كە بە پەلە خۆراك دەخۆن. خواردن بە پەلە هۆكارە بۆ زیاد قووتدانی گاز لەگەڵ خۆراك و خواردنەوەی ئاو، یان شلەی دیكەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی قۆڕەی سك و سكئێشە لەبەر كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ریخۆڵەدا. خێرا خواردن وات لێ دەكات كە هەست بە تێربوونی دەم نەكەیت و بەردەوام بیت لە خواردن، لەوكاتەی كە گەدەت پڕبووە لە خۆراك، ئەمەش هۆكارە بۆ گەورەبوونی قەبارەی گەدە و زیادبوونی كێش بە تێپەڕوبوونی كات. ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورت لە خواردن بوەستیت، ئەوا هەست بە تێربوون دەكەیت و لەبەر پڕبوونی گەدە ناتوانیت تەنانەت یەك پارووی زیاتر بخۆیت.
Top