پێویستە نەخۆشانی سیل بە زووترین كات ڤاكسینی كۆڤید وەربگرن

پێویستە نەخۆشانی سیل بە زووترین كات ڤاكسینی كۆڤید وەربگرن
نەخۆشیی سیل Tuberculosis نەخۆشییەكی بەكتریایی گوازراوەیە، زیاتر دوچاری سییەكان دەبێت، لەوانەشە ئەندامەكانی دیكەی لەش بگرێتەوە، نیشانە سەرەكییەكانی بریتین لە: كۆكە كە بۆ ماوەی سێ هەفتە، یان زیاتر بەردەوام دەبێت، خوێن لەگەڵ دەردراوی كۆكەدا، سینگ ئێشە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و دابەزینی كێشی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، ئارەقەكردنی شەوانە. نەخۆشیی سیل هاوشێوەی كۆڤید19 بە شێوەیەكی سەرەكی دوچاری كۆئەندامی هەناسە دەبێت، بەكتریای نەخۆشیی سیل و ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێگای پروشك و دەردراوەكانی كۆئەندامی هەناسە، بەتایبەتی كۆكە و پژمین و قسەكردن دەگوازرێنەوە. بەكتریای سیل و ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی خراپ و هەندێك جاریش هەمیشەیی دەكەنە سەر خانەكانی سییەكان، بێگومان هەردووكیان بەیەكەوە كاریگەریی خراپتر و ئاڵۆزیی زیاتریان دەبێت، هەر لەبەر ئەمەشە كە پێویستە تووشبووانی نەخۆشیی سیل بەر لە نەخۆشانی دیكە ڤاكسینی كۆڤید وەربگرن. ئەوەش روونكراوەتەوە كە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید لە لایەن نەخۆشانی سیل زۆر سەلامەتە و هەرگیز نابێتە ئەگەری ئاڵۆزیی پەیوەست بە ڤاكسین، یان خودی نەخۆشیی سیل.
Top