بەكارهێنانی ماسك یەكێكە لە كاریگەرترین هەنگاوە كانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرچاوە پزیشكییەكان جەخت دەكەنەوە كە بەستنی ماسكی سێ چینی Three-layered زیاتر لە ماسكی یەك چینی و دوو چینی لە كۆڤید19 دەمانپارێزێت، چونكە رێگا لە تێپەڕبوونی وردترین تەنۆلكەی باركراو بە ڤایرۆس دەگرێت، هەر لەبەر ئەمەشە كە ماسكی سێ چینی رێنمایی دەكرێت، بەتایبەتی كە جۆرە نوێیەكەی كۆڤید19 زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە. بە پێی رێنماییەكانی سەنتەری ئەمریكی كۆنتڕۆل و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان CDC واباشە كە ماسك لە زیاتر لە دوو چین پێك هاتبێت و لە مادەیەك دروستكرابێت كە بە ئاسانی رێگا بە هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە بدات Breathable fabric، واتە كونی زۆر ورد لەخۆبگرێت و بۆ شووشتن و دووبارە بەكارهێنانەوە بشێت، لەكاتی بەستندا دەم و لووت بە تەواوی دابپۆشێت و هیچ كەلێنی لە تەنیشتەكانی دەموچاودا نەبێت. ئەمە روونە كە هەموو جۆرە قوماشێك بۆ ماسك گونجاو و كاریگەر نییە، چونكە هەندێك جۆری مادە لەگەڵ جۆرە جیاوازەكانی پێستدا ناشێن، هەروەها چۆنیەتی چنین، یان تێكهەڵچوونی قوماشەكەش Weave گرنگیی هەیە.