ئەوە روونە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا جگە لە بەشی سەرەوەی كۆئەندانی هەناسە توانای هەیە راستەوخۆ پەلاماری هەر ئەندامێكی دیكەی لەش بدات، بەتایبەتی ئەو ئەندامانەی كە وەرگری ACE2 لەخۆدەگرن وەكو: سییەكان، بۆڕییەكانی خوێن، ماسوولكەی دڵ، گورچیلە، جگەر، مێشك و كۆئەندامی دەمار، بەدواداچوونی پزیشكی تووشبووان بە كۆڤید19 كارێكی پێویستە بۆ چارەسەركردنی هەر پێشهات و گرفتێكی تەندروستی كە پەیوەستن بە ماوەی پاش چاكبوونەوە لە هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هانس كلوگ Hans Kluge بەڕێوەبەری ناوچەیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا تیشكی خستە سەر نیشانەكانی پاش تووشبوون بە كۆڤید19و جەختی كردەوە كە ئەم نیشانانە كاریگەریی زۆری تەندروستی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و پیشەییان دەبێت، ئەگەرچی هەموو تووشبووان ناگرێتەوە، بەڵام نیشانەكان بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبن، هەندێك جاریش زیاتر درێژەیان دەبێت. گرنگترین نیشانەكانی پاش تووشبوون و چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتین لە: سینگ ئێشە، ئازاری ماسوولكەكان، زوو ماندووبوون، هەناسەتەنگی، هەروەها تەڵخبوون، یان لێڵبوونی مێشك Brain fog واتە شێوان، یان تێكچوونی توانای بیركردنەوە و بیرهاتنەوە و تەركیزكردن.