ئەوە روونە كە زیاتر مانەوە لە ماڵ ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكجار كەم دەكاتەوە، لە كاتی دەرچوونیش بۆ هەر مەبەستێك پێویست بە بەكارهێنانی ماسك دەكات لەگەڵ زوو شووشتنی دەستەكان، هەروەها پاراستنی دووریی كۆمەڵایەتی، بەڵام ئایا دەزانی كە چوونت بۆ ماركێت و بازاڕ و كڕینی شتومەمك و سەوزە و میوە دووریی كۆمەڵایەتی دەشكێنێت و ئەگەری تووشبوونت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەكات؟ لێرەدا تۆ تەنیا نزیك نابیتەوە لە كەسانی دیكە، بەڵكو ئەو شتانەی كە دەیانكڕیت لەوانەیە كە چەند دەستێكی دیكەی بەركەوتبێت، یان كەسانێكی تووشبوو لە نزیكیان كۆكە و پژمینیان بەسەریاندا كردبێت، ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەگەر شتێكت پێویست بوو واز لە ماركێت و بازاڕ بێنیت، نا، بەڵام بۆ خۆپاراستن پێویست بە گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر دەكات وەكو پاراستنی دووریی كۆمەڵایەتی لەكاتی چوونە دەرەوە، دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی دەستەكانت بە دەموچاو، بەستنی دوو ماسك بەیەكەوە، شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون پاش گەڕانەوە، شووشتنی سەوزە و میوە بە باشی و بە ئاوێكی زۆر، شووشتنی قوتوو، یان سڕینەوەیان بە مادەیەكی پاككەرەوەی دژەمیكرۆب Sanitizer، فڕێدانی كیس و بەرگەكان، شووتن و سڕینەوەی ئەو رووانەی ماڵ كە شتەكانت لەسەر داناون، پاشان دووبارە شووشتنەوەی دەستەكان بە ئاو و سابوون. ئەمەش لەبیر نەكەیت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر رووی پلاستیك و ستیل بۆ ماوەی 72 كاتژمێر و لەسەر رووی كارتۆن و مقەوا بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەمێنێتەوە.