بەم دواییە زۆر باس لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێگای شتومەكی جیاوازی وەكو جل و كەفش و شتی دی دەكرێت، ئەگەرچی ئەگەری هێنانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێگای جل و كەفشەوە لە دەرەوەی ماڵ لە ئارادایە، بەڵام بەگشتی تا ئێستا بەرێژەیەكی كەم بەدی كراوە، بە بۆچوونی زانایان، تا ئێستا هەموو شتێك سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەواوی نازانرێت، رۆژانە شتی نوێ سەبارەت بە ڤایرۆسەكە روون دەكرێتەوە، بەڵام بەگشتی پاش چوونە دەرەوە و كڕینی هەر پێویستییەك و گەڕانەوە بۆ ماڵ، ئەگەری هێنانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ جل و كەفشەكاندا كەمە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە كە ئەوە نەسەلمێندراوە كە جل و كەفش بووبن بە سەرچاوەی بەهێزی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەوە سەلمێندراوە كە كۆڤید19 بە شێوەیەكی سەرەكی لە رێگای پرووشكەكانی هەناسە لە رێگای كۆكە و پژمین لە تووشبووەوە راستەوخۆ بۆ كەسانی دیكە دەگوازرێتەوە، بە رای پسپۆڕان ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر رووە رەقەكان وپلاستیك دوو تا سێ رۆژ بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەڵام جل و بەرگ رووی گونجاو نین بۆ مانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی زۆر، لەگەڵ ئەمەشدا زوو شووشتنی جل و بەرگ پێویستە، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە لە كەسانی تووشبوو نزیكن، پێویستە ئەوەش بزانرێت كە زۆربەی ماددە پاككەرەوەكانی جلوبەرگ ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناودەبەن. كەفشەكان زیاتر لە جل و بەرگ بەكتریا و ماددەی تر دەهێننەوە ماڵ، ئەگەرچی گواستنەوەی كۆڤید19 بە هۆی كەفشەكانەوە دەگمەنە، بەڵام واباشترە كە هەرگیز كەفشەكان نەبردرێنە ژوورەوە و لە دەرەوەی ژوور پاك بكرێنەوە.