ڤایرۆسی كۆرۆنا هەرگیز بە هەمان شێوەی یەكتر كاریگەری ناكاتە سەر كەسانی تووشبوو، بۆنموونە منداڵ بە سووكی دوچاری دەبێت و ئەگەری ئاڵۆزییەكان كەمە، كەچی بەساڵاچووانی تەمەن 60 ساڵی و بەسەرەوە، یان كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بە شێوەیەكی سەختتر دوچاری ڤایرۆسەكە دەبن. لە لایەكی دیكەەوە، گەنجانی تووشبوو ئەگەرچی بە سووكی دەیگرن، بەڵام رۆڵی گەورەیان لە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكەدا هەیە، بە پێی توێژنەوەكان تووشبووانی تەمەن20-49 ساڵی زیاتر لە تووشبووانی دیكە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكەنەوە، بە پێی ئامارە پزیشكییەكان، تووشبووانی تەمەن 20-34 ساڵی نزیكەی 34%ی گشت تووشبووان پێك دەهێنن، هەروەها تووشبووانی تەمەن 35-49 ساڵی نزیكەی 38.2%ی گشت تووشبووان پێك دەهێنن، بە مانایەكی دی، تووشبووانی تەمەن 20-49 ساڵی نزیكەی 72.2%ی گشت تووشبووان پێك دەهێنن كە دەكاتە رێژەی بەرزی ئەگەری بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەر لەبەر ئەمەشە كە گەلێك لە شارەزا و پسپۆڕان وەكو هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی كۆڤید19 و زووتر كردنەوەی دەرگای قوتابخانە و زانكۆكان، جەختیان لەسەر وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئەم گرووپەی تەمەنە كردۆتەوە، چونكە زیاتر ئەم تووشبووانەن كە ڤایرۆس بۆ كەسانی بەساڵاچوو دەگوازنەوە.