ئۆمیگا سێ Omega-3 جۆرێكە لە چەورییە زۆر پێویستەكان بۆ لەش، بریتییە لە گرووپێكی ترشە چەورییەكان Fatty acids كە سێ جۆری هەیە ALA، EPA و DHA. بوونی ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 لە خۆراكدا گرنگیی تەندروستیی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ شانەكانی مێشك و دڵ. ئۆمیگا3 رۆڵی گرنگی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لە لەشدا، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە ئاستی بەرزی ئۆمیگا3 لە خوێندا جگە لە سووككردنی نیشانەكان، ئەگەری ئاڵۆزییەكان و مردن لە تووشبووان بە كۆڤید19 كەم دەكاتەوە، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە سیفەتی دژەهەوكردنی چەورییەكانی EPA و DHA رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆكەمكردنەوەی سەختبوون و سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە هەندێك جار ژیان دەخەنە مەترسییەوە. سەرچاوە خۆراكییەكانی ئۆمیگا3 بریتین لە: تۆوی كەتان Flaxseeds، سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ و گەڵای خەردەل، گوێز، باوی، ئاڤۆكادۆ، هێلكە، پاقلەی سۆیا، ماسیی سالمۆن، مەحار Oyster، ماسی ساردین، هەروەها ئۆمیگا3 بە شێوەی كەپسول لە دەرمانخانەكاندا دەست دەكەوێت.