نوێترین رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ تووشبووانی كۆڤید19

نوێترین رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ تووشبووانی كۆڤید19
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سەرتاسەری جیهاندا و لەگەڵ بەردەستبوونی ڤاكسینی كۆڤید19 هێشتا ئەگەری بڵاوبوونەوە لە ئارادایە، بۆیە پێویست بە پابەندبوون بە هەنگاوەكانی خۆپاراستن دەكات، بەتایبەتی بەستنی ماسك و زوو شوشتنی دەستەكان و دووریی كۆمەڵایەتی. رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO چەندین رێنمایی نوێی دەركردووە بۆ تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنانەت پاش چاكبوونەوەش، كە بریتین لە:
• بەكارهێنانی دەرمانی دژەمەیین Anticoagulants بە ژەمی بچووك بە مەبەستی رێگرتن لە دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن لەناو بۆڕییەكانی خوێندا، كە پەیوەستە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە.
• پێویستە لەسەر تووشبووان كە ئامێری پشكنینی ئاستی ئۆكسجین لە خوێندا Pulse oximetry بەكاربهێنن، كە ئامێرێكی بچووكە و بە بەشێكی لەشەوە دەلكێنرێت، وەكو پەنجەی دەست، یان پەنجەی گەورەی پێ، یانیش گوێچكە، ئەم پشكنینە یارمەتیدەرە بۆ زوو دەستنیشانكردنی تێكچوونی حاڵەتی گشتیی نەخۆش و زوو بەهاناچوونی پزیشكی.
وتەبێژی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی خاتوو مارگرێت هاریس Margaret Harris جەختی كردەوە كە پێویستە نەخۆشانی كۆڤید19 بە ئاگایی بهێڵرێنەوە، بە مەبەستی هێشتنەوەی ئاستی باشی ئۆكسجین لە خوێندا، پێویستە، هەموو دەرمانەكان بە ژەمی بچووك وەربگیرێن، بە مەبەستی خۆپاراستن لە ئەگەری ئاڵۆزییەكان.
Top