ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیدا بوو، گەلێك وڵات دەستیان بە كوتان كرد، بەڵام ئایا ئێستا سەلامەتین؟ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هوشداریی داوە لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنانەت پاش بەكارهێنانی ڤاكسین بە شێوەیەكی بەرفراوان لە داهاتوودا. بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەشی ئیمرجینسیی تەندروستی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی مایكل رایان Michael Ryan لە پرێس كۆنفرانسێكدا روونیكردەوە كە پێناچێت ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا لەگەڵ بەردەستبوونی ڤاكسین و هەنگاوەكانی دیكەی چارەسەركردن، هێشتا بەم زووانە بە تەواوی بنبڕ بكرێت، هەروەها جەختی كردەوە كە هێشتا بە ڤاكسین ناگەینە هێڵی وەستاندنی گواستنەوەی ڤایرۆس، بۆیە وا پێشبینی دەكرێت كە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت. باس لەوەش كراوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تا ئێستا تەنیا توانراوە یەك نەخۆشیی كە خوریكەیە (Smallpox) لە سەرتاسەری جیهاندا بە تەواوی بنڕ بكرێت، پێشبینی ناكرێت ئەمساڵ بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا زاڵ بین، لەوكاتەی كە ژمارەی تووشبووان لە سەرتاسەری جیهاندا گەیشتۆتە زیاتر لە 102 ملیۆن كەس و ژمارەی مردووانیش زیاتر لە دوو ملیۆن كەسە.