ساڵی 2020 پڕ سترێس بوو، ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا هەموو جیهانی گۆڕی، پەتای كۆڤید19 چەند وانەیەكی گرنگی پێ داین، بۆنموونە پابەندبوون بە خۆراكی هاوسەنگ و هەنگاوەكانی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، ئەمە جگە لە پاكوخاوێنی و پابەندبوون بە دووریی كۆمەڵایەتی Social distancing. لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2021 و بەردەستبوونی ڤاكسینی كۆرۆنادا، گرنگیدان بە تەندروستی لە سەرووی هەموو شتەكانی دیكەوەیە، بۆیە پێویستە كە هەڵە تەندروستییەكانی پارساڵ دووبارە نەكەینەوە، هەڵە تەندروستییەكانی ساڵی 2020 بریتی بوون لە: نەخواردنی ژەمی بەیانی، كەم وەرزشكردن، یان وەرزش نەكردن، كەم نووستن، زیاد خوارنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكان، پابەند نەبوون بە هەنگاوەكانی سووككردنی سترێس. گەلێك لێكۆڵینەوە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە خواردنی ژەمی بەیانی گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی سیستمی بەرگریی لەش بەهێزدەكات و خەمۆكی و سترێس سووك دەكات، كەم نووستنیش كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر تەندروستی و كوالیتی ژیان تێك دەدات، هەوڵ بدە لانی كەم خەوت كاتژمێر بۆ نووستن تەرخان بكەیت و 30 خولەك پێش نووستن دووربكەویتەوە لە بەكارهێنانی هەر ئامێرێكی ئەلیكترۆنی. لە لایەكی دیكەوە زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو قاوە و چای ئەنجامی نێگەتیڤی بۆ تەندروستی دەبێت، بۆنموونە تێكدانی خەو و تێكدانی لێدانەكانی دڵ، ئەمە جگە لە سەرئێشە و هەستكردن بە ناڕەحەتیی دەروونی Irritability.