سیستمی بەرگریی لەش لەكاتی دووگیانیدا لاوازدەبێت، بۆیە ئەگەری تووشبوون بە كۆڤید 19 زیاترە. هەروەها ئەمەش سەلمێنراوە كە ئافرەتی دووگیان پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەری تووشبوونی بە ئاڵۆزییەكان بەرزترە بەتایبەتی هەوكردنی توندی شانەی سییەكان Pneumonia كە ژیان دەخاتە مەترسییەوە. بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوەكان، زیاتر لە 72%ی ئافرەتانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بێ نیشانەن پاش پۆزەتیڤ دەركەوتنی پشكنینەكانیان بۆ ڤایرۆسی كۆڤید19. ئامۆژگاری بۆ ئافرەتانی دووگیان بە مەبەستی خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییە لە: ئەنجامدانی پشكنین بۆ كۆڤید19 هەتا ئەگەر ئافرەتەكە گەنجیش بێت، زیاتر مانەوە لە ماڵ، دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، بە ڕێكی سەردانی بەشی چاودێریی دایكان لە بنكەی تەندروستی، بەكارهێنانی ماسك لەكاتی پێویست، زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون یان پاككەرەوەی ئەلكهولی لەكاتی پێویست، پابەندبوون بە دووریی كۆمەڵایەتی Social distancing، واباشترە كە منداڵبوون تەنیا لە نەخۆشخانە بێت، نەك لە ماڵ، پاش منداڵبوون بەر لە هەر جارێك شیردانە منداڵ دەستەكانت بە ئاو و سابوون بشۆ و ماسك ببەستە، شوێن و رووەكانی دەوروبەر بە پاككەرەوەی ئەلكهولی بسڕەوە.