ئەوە بۆ زیاتر لە ساڵیك دەچێت كە پەتای كۆڤید19 درێژەی هەیە، ئەگەرچی بەردەستبوونی ڤاكسین نزیك بۆتەوە، بەڵام زانایان بەردەوام خەریكی لێكۆڵینەوەن بە مەبەستی دۆزینەوەی هەر رێگایەك بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە. بەم دواییە لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكیدا هاتووە كە چەند ماددەیەكی كیمیایی رووەكی Phytochemicals لە هەندێك خۆراكدا رۆڵیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە كۆڤید 19، ئەمە سەرەڕای رۆڵی ئەم ماددانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی دڵ، شەكرە، شێرپەنجە، هەروەها بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە پێكهاتە كیمیایەكانی ناو چای سەوز، ترێ، پاودەری كاكاو، لەگەڵ شوكولاتەی تاریك Dark chocolate رۆڵیان هەیە بۆ بلۆككردنی ئەنزیمێكی تایبەت لە ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بەمەش توانای گەشەكردنی ڤایرۆس لە ناو خانەكانی لەشدا دەوەستێت، بۆنموونە تەنیا چای سەوز زیاتر لە پێنج ئاوێتە لەم پێكهاتە كیمیاییانە لەخۆدەگرێت، ئەم پێكهاتە كیمیاییە رووەكییانەش سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە، هەروەها ئاستی هەوكردن Inflammation لە لەشدا كەم دەكەنەوە و رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە گەلێك نەخۆشی.