پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیڕۆڵ گەورەترین هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، ئەمەش روونە كە تووشبووان بە نەخۆشیی دڵ زیاتر بە سەختی رووبەڕووی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبنەوە، لە گەلێك لێكۆڵینەوەدا ئەوە روونكراوەتەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بوونی كۆلیستیڕۆڵ و چەوریی GM1 دەچێتە ناو خانەكانی لەشەوە، كە خودی كۆلیستیڕۆڵ پێویستە بۆ دروستبوونی GM1. كۆلیستیڕۆڵ لە پەردەی هەموو خانەیەكی لەشدا هەیە، بەڵام زیادبوونی چڕیی یان ئاستی كۆلیستیرۆل و ماددەی GM1 چوونەژوورەوەی ڤایرۆس بۆ خانەكان تا 50% زیاد دەكات، لە لایەكی دیكەوە، ئاستی بەرزی كۆلیستیڕۆڵ هاندەرە بۆ زیاتر بەردەستبوونی وەرگرەكانی ACE2 كە هانی چوونەژوورەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ناو خانەكانی لەش دەدات. لە راپۆرتی زۆربەی توێژەراندا هاتووە كە ئاستی دروستی كۆلیستیڕۆڵ رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆڤید19، بۆیە بیر لەوە كراوەتەوە كە لەوانەیە دەرمانەكانی دابەزاندنی كۆلیستیڕۆڵ رۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی كۆڤید19 دا.