پسپۆڕان روونیان كردۆتەوە كە زیانە لابەلاكان پاش بەكارهێنانی دەرزیی ڤاكسینی كۆڤید19 زیاتر كاردانەوەی سرووشتی لەشن و نزیكن لە نیشانەكانی هەڵامەت، نەك لە ئەنجامی روودانی حاڵەتێكی نائاسایی بن لە لەشدا، ڤاكسینی كۆڤید19 بە شێوەی دەرزی بە دوو ژەم بەكاردەهێندرێت، كە ماوەی نێوانیان بەگشتی یەك مانگە. ئەگەرچی سێ كاندیدەكەی ڤاكسینی كۆڤید19 كە بریتین لە سپوتنیكی Sputnik روسی، پفیزەری Pfizer ئەمریكی، لەگەڵ مۆدێرنای Moderna ئەمەریكی، جەختیان كردۆتەوە كە ئاستی كاریگەریی ڤاكسینەكانیان لە 90% زیاترە، بەڵام پسپۆڕانی ئەم كۆمپانیانیانە ئاماژەیان بەمەش كردووە كە لەوانەیە ئەم ڤاكسینانە زیانی لابەلا لەخۆ بگرن، كە لەگەڵ نیشانەكانی تووشبوون بە كۆڤید19 هاوشێوەن، بەڵام بە شێوەیەكی سووك وەكو ئازاری ماسوولكە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، ئازاری جومگەكان، هەستكردن بە سەرما، یان لەرزوتا Chills، هەروەها سەرئێشە، ئازار و سووربوونەوە و ئاوسان لە شوێنی لێدانی دەرزی لە قۆڵدا. ئاماژە بەمەش كراوە كە زیانە لابەلاكان لەوانەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەك تا چەند مانگێك پاش لێدانی ڤاكسین سەرهەڵبدەن و بۆ ماوەی تەنیا چەند رۆژێك بەردەوام بن، كە دەتواندرێت تەنیا بە بەكارهێنانی دەنكی پاراسیتۆڵ سووك بكرێن.