لە دوا لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە منداڵان بەراورد بە گەورەكان ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا رێژەی 65% كەمترە. منداڵان خاوەنی بەرگرییەكی سرووشتیی بەهێزی ناتایبەتمەندن Innate immunity كە زۆر بەهێزە بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆربەی مندڵانی تووشبوو بە كۆڤید19 بێ نیشانەن، یان نیشانەكانیان سووكن بە شێوەی تا، كۆكە، كڕانەوەی قوڕگ، لەگەڵ گۆڕان لە هەستی بۆن و چێژكردندا. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە چینە تەنكەكەی خانەكانی ناوپۆشی ئەندامی جیاواز لە لەشدا هاوكات لەگەڵ تەمەندا تێك دەچێت و بێهێز دەبێت، بەتایبەتی چینی ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن، ناوپۆشی دڵ، هەروەها ناوپۆشی بۆڕییەكانی لیمف، ئەمەش هاندەرە بۆ مەیینی نائاسایی خوێن Blood clotting كە هۆكارە بۆ روودانی جەڵتەی مێشك Stroke یان نۆرەی دڵ، كەچی ئەم چینە ناوپۆشە لە منداڵدا زۆر بەهێز و تەندروستە، لەگەڵ كەمیی ئەگەری مەیینی خوێن، هەروەها كوتان بە ڤاكسینە زیندووەكانی Live vaccines وەكو ڤاكسینی گوێڕەپە، سوورێژە و سوورێژەی ئەڵمانی رۆڵی هەیە بۆ بەهێزبوونی سستمی بەرگریی لەش. جگە لەمە، ژمارەی وەرگرەكانی ACE2 لە ناوپۆشی لووت لە منداڵدا كەمەن كە ڤایرۆس بە هۆیانەوە دەچێتە ناو خانەكانی لەش.