لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە جگەرەكێشان هاندەرە بۆ سەختتربوونی نیشانەكان لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنادا. رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە كە هەوا لە لووت و دەمەوە دەگەیەننە سییەكان، یەكەم هێڵی بەرگرین بۆ ئەو میكرۆبانەی كە لە هەواوە دەگەنە لووت و دەم، جا بەكتریا بێت، یان ڤایرۆس، هەروەها بەرەنگاری گەرد و دوكەڵیش دەبنەوە. بەشی سەرەوەی رێڕەوەكانی هەناسە یەكەم شوێنە كە ڤایرۆس پەلاماری دەدات، ئەم بەشەی كۆئەندامی هەناسە بە دەردراوی لینج ڤایرۆس و بەكتریا و ماددەی زیانبەخش گەمارۆ دەدات، چونكە خانەی وا لەخۆدەگرێت، كە نووكی وەكو پەنجەیان هەیە و دەردراوەكە بۆ سەرەوە و دەرەوە پاڵ دەنێن. جگەرەكێشان كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر فرمانی رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە بەوەی كە توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا كەم دەكاتەوە، بەمەش ڤایرۆس ئاسانتر لە رێڕەوكانی هەناسەدا جێگیردەبێت و گەشەدەكات، لە لایەكی دیكەوە، جگەرەكێشان بە شێوەیەكی دیكەش سستمی بەرگریی لەش تێك دەدات، بەوەی كە چالاكیی ئینتەرفیرۆنەكان Interferons بلۆك دەكات، واتا ئەو پڕۆتینانەی كە نامەهەڵگری سستمی بەرگریی لەشن.