یەكێك لە گەورەترین و مەترسیدارترین ئاڵۆزییەكانی كۆڤید19 كە ژیان دەخاتە مەترسییەوە، بریتییە لە كەمبوونەوەی نائاسایی ئاستی ئۆكسجین لە لەشدا بە شێوەیەكی بێدەنگ Silent hypoxia كە هۆكارە بۆ بەرەبەرە تێكچوونی ئەندامە گرنگەكانی لەش، مەترسییەكە لەوەدایە كە زۆر كەس لەگەڵ ئەوەی كە بە سەختی دوچاری كۆڤید19 دەبن و سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئۆكسجین لە لەشیاندا، هیچ نیشانەیەكی وەكو گرفت لە هەناسە، یان هەناسەتەنگی بەدی ناكەن، ئەم دابەزینەی ئاستی ئۆكسجین بە هێمنی ئەندامە گرنگەكانی لەش تێك دەدات، كە سەرەتا لە سییەكانەوە دەست پێ دەكات. سییەكان بەردەوام بە ئاستی 95-100% لە خوێندا ئۆكسجین بۆ لەش دابین دەكەن، ئەگەر ئەم ئاستە بۆ 92% یان كەمتر دابەزێت، ئەوا پێویست بە پێدان، یان چارەسەر بە ئۆكسسجین Oxygen therapy دەكات. هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا توانای سییەكان بۆ رێكسختنی ئۆكسجین و گەیاندنی بە خوێن تێك دەدات، بەمەش گەیاندنی ئۆكسجین بۆ ئەندامە گرنگەكان كەم دەبێتەوە، هەروەها مەیینی خوێن لە چەند بەشێكی جیاوازی سییەكاندا هاتووچۆی خوێن تێك دەدات، چونكە بە هەوكردنی ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن بە كۆڤید19 تۆپەڵی بچووكی خوێنی مەییو پەیدا دەبن.