هەر تووشبوویەك بە شێوەیەكی جیاواز كاردانەوەی بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت، بۆنموونە هەندێك كەس دوچاری نەمانی هەستی بۆن و چێكردن دەبن، هەندێكی دیكە دوچاری تای بەرز، یان هەناسەتەنگی، یان هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، یان تەنانەت تەنكبوونی قژ و گرفت لە پێستدا بە شێوەی پەڵەی سوور دەبنەوە. لەئێستاشدا دەركەوتووە كە كۆڤید19 كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستیی دەم و ددان، بۆنموونە گۆڕانی رەنگی ددانەكان بۆ خۆڵەمێشی، ناسكبوون و زوو شكانی ددانەكان، هەروەها هەستیاربوون و بێهێزبوونی پوك هاوكات لەگەڵ ئازاردا. لە چەندین لێكۆڵینەوەی رابردوودا هاتووە كە بۆشایی دەم ژینگەیەكی زۆر گونجاوە بۆ ڤایروسی كۆرۆنا، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی پزیشكی، ڤایرۆسی كۆرۆنا راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر بۆڕییەكانی خوێن و، هاتوچۆی خوێن بۆ دەم و ددان تێك دەدات، كە دەبێتە ئەگەری گرفت لە پوك و زمان لەگەڵ ئازار و كلۆربوونی ددان، یان سستبوونی ددانەكان Loose teeth كە رێگا بۆ كەوتنی ددان خۆش دەكات.