بەگشتی پاش خەواندن لە نەخۆشخانە و چاكبوونەوە لە كۆڤید19، هێشتا یەكێك لە نیشانەكان، یان گرفتێكی تەندروستیی بۆ ماوەیەك لە تووشبوودا دەردەكەوێت. بە گوێرەی توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی میشیگان لە ئەمریكا، دەركەوتووە كە كۆڤید19 پاش دەرچوونیان لە نەخۆشخانە كاریگەریی گەورەی تەندروستی لەسەر تووشبووان جێ دەهێڵێت، بۆنموونە پاش دوومانگ لە كۆی 1600 كەسی تووشبوو نزیكەی 7% كەسیان دوچاری مردن بوون و 15% دووبارە لە نەخۆشخانە خەوێندراونەتەوە، هەروەها نزیكەی 87% دوچار هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون بوونەتەوە، دیسان لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە جگە لە كاریگەریی دەروونی و گرفتی ماددی، نزیكەی 23%ی تووشبووان پاش چاكبوونەوە، بەتایبەتی پاش چالاكیی بەدەنی، بە شێوەی هەناسەتەنگی دوچاری گرفتی هەناسەدان و گرفت لە هەستەكانی بۆن و چێژدا دەبن. باوترین نیشانەكانی دیكەی پاش چاكبوونەوە، كە بۆ ماوەیەك دەمێننەوە، بریتین لە: كۆكە كە لەوانەیە بۆ ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بێت، ئازاری بەردەوامی جومگەكان، ئازاری ماسوولكە، سەرئێشە، گرفت لە گورچیلەكاندا، ئەگەری نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك Stroke لەگەڵ گرفت لە بینین و هەستی بیستندا. لە راپۆرتێكی دیكەدا هاتووە كە نزیكەی 75%ی تووشبووان پاش چاكبوونەوە و جێهێشتنی نەخۆشخانە و پاش نێگەتیڤ دەركەوتنی ئەنجامی پشكنین بۆ كۆڤید19، هێشتا دوچاری چەندین نیشانە بوونەتەوە كە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوون.