پەتای كۆڤید19 هاندەربووە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەش و وەرزی جیاواز لە رێگای بڵاوبوونەوەی پرووشكەكانی پاش قسەكردن و پژمین، یان كۆكە لە كەسانی تووشبوو لە هەوادا، بۆنموونە لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە ئەو پرووشكانەی پاش كۆكە كە تیرەیان نزیكەی 100 مایكرۆمەتر یان كەمترە، ئەوا بە خێرایی دوو مەتر لە چركەیەكدا بۆ دووری 6.6 مەتر، یان زیاتر بڵاودەبنەوە، كەچی پرووشكی گەورە لەوانەیە تەنیا بۆ دووریی یەك مەتر بە هەوادا بڵاوبێتەوە. هەندێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كردووە كە لە تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنادا،پرووشكی ورد Small droplets كە لەگەڵ كۆكەدا دەردەچن، لەوانەیە كە بۆ دووری زیاتر لە 6.6 مەتر بڵاوبنەوە، بەتایبەتی لەكاتی كەمیی رێژەی شێ لە هەوا، چونكە كێشی پرووشكەكان سووكتر دەبن، لە لایەكی دیكەوە باس لەوە كراوە كە هەڵمژینی ئەم پرووشكە وردانە لە لایەن كەسێكی دیكەوە زوو دەگەنە بەشە قووڵەكانی سییەكان، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هەوكردن لەوێدا، كەچی پرووشكی قەبارە گەورەتر پاش هەڵمژینیان هەر لە بەشەكانی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدا دەمێننەوە. پــــــرووشـــكـــە وردەكان لە هەموو حاڵەتێكی كەشوهەوادا زووتر و زیاتر بە دەوروبەردا بڵاودەبنەوە، بۆیە پسپۆڕان رێنمایی دەكەن كە جگە لە بەكارهێنانی ماسك، پابەندبوون بە دووریی كۆمەڵایەتی گرنگیی زۆری هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤیرۆسی كۆرۆنا.