ئایا هەموو تووشبوویەكی كۆرۆنا پێویستی بە نەخۆشخانە هەیە؟

ئایا هەموو تووشبوویەكی كۆرۆنا پێویستی بە نەخۆشخانە هەیە؟
لەوانەیە هەر كەسێك دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، بەڵام هەندێ كەس بە توندی تووشی دەبن و ژیانیان دەكەوێتە مەترسی. ئەگەرچی زۆربەی تووشبووان بە سووكی دەیگرن و پێویستیان بە خەوتن لە نەخۆشخانە نابێت، كەچی هەندێك تووشبوو دوچاری ئاڵۆزیی مەترسیدار و ئەگەری مردن دەبنەوە.
بەگشتی نزیكەی 80% ی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاك دەبنەوە و پێویستیان بە نەخۆشخانە نابێت، تەنیا 20% ی تووشبووان دوچاری نیشانەی سەخت دەبن، كە پێویست بە نەخۆشخانە دەكات. ئەوانەی زیاتر پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت، بریتین لە تووشبووانی تەمەن 60 ساڵ و بەسەرەوە، لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكانی شەكرە، دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە.
خەواندن لە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرا پێویستە لەكاتی بوونی یەكێك، یان زیاتر لەم نیشانانەدا بێت: گرفت لە هەناسەدا، یان هەناسەتەنگی، ئازاری بەردەوام، یان هەستكردن بە فشار لە سینگدا، شینهەڵگەڕانی لێو، یان دەموچاو، رشانەوە، یان سكچوونی توند، یان بەردەوام، كۆكەی خوێناوی، شێوان، یان لەهۆشچوون.
توێژەرانی بەریتانی ئامێرێكی نوێیان دروست كردووە بە ناوی QCCOVID كە پاش تووشبوون بە كۆڤید 19 ئەگەری سەختبوون و ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان پێشبینی دەكات. گرنگیی ئەم ئامیرە لەوەدایە كە تووشبوو لە كاتی گونجاودا، خۆی بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەبكات و هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر.
Top