ژەمی رۆژانەی ڤیتامینD بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید 19

ژەمی رۆژانەی ڤیتامینD  بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید 19
ڤیتامین D لە لەشدا پاش بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆر دروست دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە زۆربەی خەڵك زیاتر كات لە ژوورەوە، یان لە ناوماڵدا بەسەردەبەن، بۆیە پێویست بە وەرگرتنی ڤیتامین D دەكات، كە بە رێنمایی دكتۆر بەكاربهێندرێت، بەتایبەتی كە رێژەی ڤیتامین D لە خوێندا كەمتر بێت لە 20 نانۆگرام لە هەر یەك میللیلیتری خوێندا. بۆ هێشتنەوەی ئاستی دروستی ڤیتامین D لە خویندا، پسپۆڕان رینمایی دەكەن كە رۆژانە 400-800 یەكەی جیهانی (كە دەكاتە 10-20 مایكرۆگرام) بەكاربهێندرێت، ئەگەرچی وەرگرتنی ژەمی زیاتریش زیانێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام هەر واباشترە كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بێت. ڤیتامین D بە بڕی دیاریكراو لەم خۆراكانەدا هەیە: ماسی سالمۆن، زەیتی جگەری ماسی، زەردێنەی هێلكە.
ئەمە روونە كە ڤیتامین D جگە لە پاراستنی ئێسك، رۆڵی گەورەی لە بەهیزكردنی سیستمی بەرگریی لەشدا هەیە، بۆیە كەمیی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا، هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنە میكرۆبییەكان، بە ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە.
لە گەلێك سەرچاوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە رۆژانە وەرگرتنی سەپلیمێنتی ڤیتامین D بە شێوەی كەپسول، ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە و كۆڤید 19 كەم دەكاتەوە. ئەم ڤیتامینە رێگا لە خڕۆكە سپییەكانی خوێن دەگرێت كە ماددە سایتۆكاینەكان Cytokines دروست بكەن، ئەم ماددانە ئاستی هەوكردن لە لەشدا بەرزدەكەنەوە، ئەمەش سەختیی هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆرنا زیاتر دەكات.
Top