دەستنیشانکردنی کۆڤید19 لە رێگای هەناسەوە

دەستنیشانکردنی کۆڤید19 لە رێگای هەناسەوە
ئێستا گەرماپێوی تیشکی ژێرەوەی سوور IR thermometer لە گەلێک شوێنی وەکو فڕۆکەخانە و سوپەرمارکێت و ئۆفیسەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کەسی هاتوو دوچاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش نەبووە کە یەکێکە بە نیششانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەم پشکنینە هەموو حاڵەتەکانی کۆڤید19 دەستنیشان ناکات، چونکە گەلێک حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە بێ نیشانەن، بۆیە زانا و پسپۆران بیریان لە رێگایەکی تر کردەوە بۆ دەستنیشانکردنی هەموو حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید19 هەتا ئەگەر بێ نیشانەش بێت. توێژەران لە زانکۆی زانستی و تەکنەلۆژیای چینی گەیشتوونەتە پێشخستنی ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی هەناسە Breathalyser test بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەسەر هەمان بنچینە یان شێوەی پشکنینی هەناسە بۆ ئەلکهول کاردەکات، ئەنجامەکەشی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دەردەکەوێت کە تا رێژەی 76% جێگای متمانەیە. ئەم پشکنینە جگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەوکردنی سییەکانیش دەستنیشان دەکات کە تا رێژەی 95% پشتی پێ دەبەسترێت، بەمەشەوە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە حاڵەتەکانی هەوکردنی سییەکان جیادەکاتەوە. ئاماژە بەمەش کراوە کە ئەم ئامێرەی پشکنینە حاڵەتەکانی تووشبوون و حاڵەتەکانی چاکبووەوەی کۆڤید19 جیادەکاتەوە کە تا رێژەی 88% جێگای متمانەیە، بەمەشەوە بەم پشکنینە جگە لەوەی کە هەرزان دەوەستێت، دەکرێ کە لۆدی سەر نەخۆشخانەکان کەم بکرێتەوە، لەوکاتەی کە پشکنینی ئێستای کۆڤید19 کاتی دەوێت و تا رادەیەکە مایەی ناڕحەتییە بۆ ئەو کەسەی کە پشکنینی بۆ دەکرێت.
Top