پێشكەوتنێكی پزیشكی تووشبووانی شەكرە لە دەرزی ئەنسۆلین رزگار دەكات
كاتێك مرۆڤ تووشی نەخۆشی شەكرە دەبێت لە جۆری 1، لەش خۆی گرمۆڵه دەكات و ھێرشدەكاتە سەر خانەكانی بیتا لە ناو كیسەكانی پەنكریاسدا، كە پێیان دەگوترێت "دوورگە".
خانەكانی بیتا بەرپرسیارن لە پێوانی ئاستی شەكر لە خوێندا و دەردانی مادەی ئەنسۆلین بۆ پاراستنی بەرقەراریی. بەبێ ئەمە نەخۆشانی شەكرە پشت بە دەرزی ئەنسۆلین یان ھەر دەرمانێكی دیكە ھاوشێوە دەبەستن.
یەكێك لە چارەسەرەكان بۆ رزگاربوون لەم كێشەیە، چاندنی "دوورگەكانە" كە لە بەخشێنەرانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە وەردهگیرێت، بەڵام ئەم كارە ئاستەنگی زۆری ھەیە یەكێك لەو ئاستەنگانەش كەمی ژمارە كەسانی بەخشەرە.
ھەروەھا زۆر جار ئەم "دوورگانە" سەركەوتوو نابن لە پەیوەندییاندا لەگەڵ ھەڵقوڵینی خوێن، ئەگەر سەركەوتنیشی بەدەستھێنا، لەوانەیە وەك ھەندێك چاندنی دیكە، دووچاری ھێڕشی بەرگری لەش ببێتەوە، كە ئەم خانانە بە داگیركاری لەش دهزانێت.
بۆیە دەبێت، نەخۆش دەرمانی راگرتنی بەرگری لەش بخوات بۆ پاراستنی چاندراوەكە، بەڵام لەھەمان كاتیشدا بەشەكەی دیكەی لەش تووشی نەخۆشی دیكە دەكات.
لە ھەوڵێكدا بۆ دەربازبوون لەم ئاڵنگارییانە، تیمێكی زانایان ھەوڵیاندا سەرچاوەیەكی دیكە بۆ ئەم خانانە بدۆزنەوە لە میانی ھاندانی خانە ریشاڵیەكانی ھەمەتوانا بۆ بەرھەمھێنانی خانەی مرۆڤیی ھاوشێوەی "دوورگەكانی" پەنكریاس.
ئەم خانانە، كاتێك لە ناو مشكێكی تووشبوو بە شەكرە چێندرا، لە كاتی چاندنیاندا لە ژینگەیەكی سێ رەھەندی ھاوشێوەی پەنكریاسدا سەركەوتوو بوو لە بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین و رێكخستنی ئاستی شەكر لە خوێندا.
رۆناڵد ئیڤانز، بەڕێوبەری تاقیگەی "جین ئێكسپرێس لاپ" لە پەیمانگای سالك بۆ لێكۆڵینەوە لە زانستەكانی بایۆلۆجی گووتی: لە رابردوودا، ئەم كارە پێویستی بە مانگێك ھەبوو بۆ ئەوەی لە ناو ئاژەڵێكی زیندوودا پێبگات".
ئیڤانز كە لێكۆڵینەوەكەی بەڕێوە دەبرد، بۆ ئاژانسی فرانس پرێس روونیكردەوە: ئەم پێشكەوتنە وادەكات، لە رۆژی یەكەمی چاندنەكەدا رێگا بە بەرھەمھێنانی ئەم خانە چالاكانە بدرێت، ئەمەش نزیكترمان دەكاتەوە لە جێبەجێكردنی كلینیكی.
لەگەڵ دۆزینەوەی رێگایەك بۆ ئەم كێشەیە، زاناكان كەوتنە كاركردن لە سەر چارەسەركردنی رەتكردنەوەی ئەو خانانە لە لایەن سیستەمی بەرگری لەشەوە.
تیمەكە لە كارەكەیاندا جەختیان خستە سەر پرۆتینێك بەناوی "بی دی-ی 1"، كە وەك رێگرێك و جیاكەرەوەیەكە و بەوە دەناسرێت، رێگری لە وەڵامدانەوە بەرگری لەش دەكات.
لە چارەسەركردنی شێرپەنجەدا، ھەندێك دەرمان بەكار دەھێنرێن بۆ لەكارخستنی "بی دی-ی 1"، كە وهڵامدانەوەی بەرگری لەش بەھێزدەكات لە بەرەنگاربوونەوەی خانەكانی شێرپەنجە.
تیمەكە بەشێویەكی كارا ئەم كردەیان ئەنجامدا. زاناكان خانەكانی پەنكریاسیان ھاندا بۆ دەردانی ئەم پرۆتینە لە ھەوڵێكدا بۆ فێڵكردن و خۆحەشاردان لە سیستەمی بەرگری.
ئیڤانز گووتی:" وا باوە كە چاندنی ھەندێك لە خانەكانی مرۆڤ لە ناو مشكدا بە رۆژێك یان دوو رۆژ لەناودەبرێن. بەڵام ئێمە رێگایەكمان دۆزییەوە بۆ درووستكردنی قەڵغانێكی بەرگری، كە خانەكانی مرۆڤ لە سیستەمی بەرگری دەشارێتەوە".
لە كاتێكدا، كە ئەو خانانەی لە ناو مشكەكاندا چێنران بەبێ پارێزگاری "بی دی-ی 1" پەیتا پەیتا لە كاركەوتن، كەچی ئەوانەی ھاندراو بوون بۆ دەردانی پرۆتین و پارێزراویش بوون بە "بی دی-ی 1" بەردەوام بوون لە ھاوكاریكردنی مشكەكانی نەخۆش بە شەكرە لە زەبتكردنی ئاستی شەكر لە خوێنیاندا بۆ ماوەی زیاتر لە 50 رۆژ".
ئیڤانز جەختیكردەوە: "توانای چاندنی خانەكانی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین و پاراستنیان لە ھێرش؛ زۆر نزیكمان دەكاتەوه لە ئەگەری چارەسەركردنی نەخۆشی شەكرە لە جۆری 1".
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، ژمارەی تووشبووانی شەكرە لە جیھاندا لە ساڵی 2014دا 422 ملیۆن كەس بووە.
بەڵام ئیڤانز ئاماژەی كرد 10 ساڵە لێكۆڵینەوە بەردەوامە لە سەر نەخۆشی شەكرە و پێویستی بە چەند ساڵی دیكەش ھەیە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی شەكرە لای مرۆڤ.
ئومێدیشی بەخشی بەوەی لەوانەیە لە نێوان دوو ساڵ تا پێنج ساڵی دیكە لێكۆڵینەوەی ئەم تەكنیكە لە سەرمرۆڤ ئەنجامبدرێت.
گوتیشی: كۆنترۆڵكردنی ئەم نەخۆشییە ئاسان نییە و ئەنسۆلینیش چارەسەر نییە". ئاماژەی كرد تەنھا لە ئەمەریكا 1.6 ملیۆن منداڵ و ھەرزەكار بە دەست نەخۆشی شەكرە لە جۆی 1 دەناڵێنن.
لە كۆتاییدا گووتی: زانست تەنھا دۆزینەوە نییە، بەڵكو دەتوانێت جیھان دەوڵەمەند بكات و ئومێد بە نەخۆشان بدات.
سەرچاوە:K24
رۆیتهرز