ئێستا ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتۆتە زیاتر لە 19 ملیۆن کەس، ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتۆتە نزیکەی 800000 کەس، گەلێک لە تووشبووان دوچاری نیشانەی سووک دەبنەوە وەکو نەمانی هەستی بۆن و چێژ یان تایەکی سووک کە بە رای پسپۆرانی تەندروستی پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە و پێدانی ئۆکسجین ناکات، بەڵکو تەنیا پێویست بە مانەوە لەماڵەوە Home isolation یان خۆجیاکردنەوە لە ماڵەوە Self-isolation دەکات. لەکاتی مانەوە یان خۆجیاکردنەوە لە ماڵەوە، پێویستە لەسەر تووشبوو کە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات لەکاتی هەستکردن بە نیشانەی توندی کۆرۆنا بەتایبەتی تای بەرز یان هەناسەتەنگی. تەرخانکردنی ژووری تایبەت لەماڵ بۆ کەسی تووشبوو بە نیشانە سووکەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر گرنگە هاوکات لەگەڵ زیاد خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر ء دابینکردنی بڕی باشی ڤیتامین C بەمەبستی بەهێزکردنی سستمی بەرگریی لەش، هەروەها بڕی پێویستی پرۆتین و کاربۆهیدرات و چەوری هاوکات لەگەڵ دابینکردنی چەند پێویستییەکی وەکو: سابوون، پاککەرەوەی دەستەکان، دەستماڵی کاغەزی(کلینس)، خاولی و چەرچەفی زیاد.