دێکسامیتازۆن Dexamethasone دەرمانێکی ستیرۆیدییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاستی هەوکردن Inflammation لە لەشدا کەم دەکاتەوە و سستمی بەرگریی لەش دادەمرکێنێت، لەوانەیە کە هاندەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆڤید19. تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد سەبارەت بە دێکسامیتازۆن کە دەرمانێکی هەرزان و بەردەستە جەختیان کردۆتەوە کە لەوانەیە رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی حاڵەتە سەختەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. ئەم دەرمانە هەر لە سەرەتای شەستەکاندا بەردەستە و بە ژەمی بچووک بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەوکردن، هەروەها بۆ نەخۆشییەکانی رەبو، هەستەوەری، هەوکردنی رۆماتۆیدی جومگەکان. زۆربەی حاڵەتەکانی کۆڤید19 بێ نیشانەن یان نیشانەی سووکی وەکو کۆکەی وشک یان تای سووک یان نەمانی هەستی بۆن و چێژیان هەیە، بەڵام رێژەیەکی کەمی تووشبووان دوچاری نیشانەی سەختتر دەبنەوە کە پێویستییان بە ئۆکسجین و ئامێری هەناسەی دەستکرد دەبێت، ئا لێرەدا بەکارهێنانی دەرمانی دێکسامیتازۆن بۆ ماوەی 7-10 رۆژ کاریگەری دەبێت بۆ هاندانی چارەسەکردن و کەمکردنەوەی ئەگەری مردن تا رێژەی 30%. دێکسامیتازۆن رۆڵی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی هەوکردن و کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی کاردانەوەی سستمی بەرگریی لەش بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرەنجام پاراستنی شانەی سییەکان و دڵ لە کاریگەریی نەرێنی ئەم ئاستە بەرزەی هەوکردن. ئەمەش ماوە بگووترێت کە دێکسامیتازۆن وەکو هەموو دەرمانەکانی تر زیانی لابەلای هەیە بە شێوەی: تێکچوونی خەو،پەستی، زیادبوونی کیشی لەش، کۆبوونەوەی شلەی زیاد لە لەشدا.