هەموو پسپۆرانی تەندروستی لە سەرتاسەری جیهاندا جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی دەمامک یان ماسک لە شوێنە قەرباڵغ و شوێنە گشتییەکاندا زۆر پێویستە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بە پێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، پێویستە کە بۆ ئەم مەبەستە ماسکی 3 چینی 3-layer mask بەکاربهێنرێت، واتە بەلای کەم لە 3 چین ماددەی جیاواز پێکهاتبێت یان لە جۆری ماسکی پزیشکی Medical mask بێت، بۆنموونە چینی ژێرەوە لە ماددەیەکی هەڵمژی شلە Absorbent وەکو لۆکە پێکهاتبێت، چینی ناوەڕاست لە ماددەیەکی فلتەرکردن وەکو پۆلیپرۆپیلین Polypropylene پێکهاتبێت، چینی دەرەوەش لە ماددەک پێکهاتبێت کە شلە هەڵنەمژێت Non-absorbent وەکو ماددەی پۆلیستەر Polyester.پسپۆران پێیان باشە کە بەکارهێنانی ئەو جۆرەی دەمامک کە لە چەندین چین فابریکی جیاواز دروست کرابێت هەنگاوێکی کاریگەرترە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە رێگا دەگیرێت لە گەیشتن و هەڵمژینی هەر پڕوشکێکی Droplet ئالوودەبوو بە ڤایرۆس.