مەڵەوانگە داخراوەکان هاوکات لەگەڵ قەرەباڵغی و کەمیی هەواگۆڕی و ئالوودەبوونی رووەکان، هۆکارن بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسانی توشبووەوە بۆ کەسانی تر. ئاماژە بەمەش کراوە کە هەوای دەوری حەوزی مەڵەوانگەکان هاوشێوەی هەوای شوێنە داخراوەکانی تر هاندەرە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەگەرچی ئاوی مەڵەوانگەکان بە ماددەی کلۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بە مەبەستی لەناوبردنی میکرۆب و بێهێزکردنی هەندێک لە ڤایرۆسەکان، بەڵام تا ئێستا بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە کە ئایا ئەو رێژە کلۆرەی کە دەخرێتە ناو ئاوی حەوزی مەڵەوانگەکان هۆکار بێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە ئەمەریکادا، رێنمایی ئەمە کراوە کە بە کلۆری سەربەست Free chlorine بە چڕیی 1-5 ملگم بۆ هەر لیترێک ئاو مامەڵە لەگەڵ مەڵەوانگەکاندا بکرێت، بەمەوە ئەگەری لەناوبردنی زۆربەی هەرە زۆری ڤایرۆسەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە زیاتر دەبێت. هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەمە کردووە کە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خودی ئاوی حەوزەکاندا نییە، بەڵکو هەوای مەڵەوانگەکان و ئالوودەبوونی رووەکان و دەسکی دەرگاکان مەترسی سەرەکین بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.