ئایا دەزانی کە زوو زوو ماڵینی دەستەکان بەو ئاوێتە پاککەرەوانەی دەست Hand sanitisers بەتایبەتی ئەوانەی کە ئەلکهول لەخۆدەگرن هەەرگیز بێ زیان نییە؟ گەلێک سەرچاوە ئاماژەیان بەمە کردووە کە لەوانەیە زیانی پاککەرەوەکانی دەست لە سوودەکانی پتر بین. پاککردنەوەی دەستەکان بەم ئاوێتانە لە لایەن پسپۆران رێنمایی دەکرێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام تەنیا لەوکاتانەی کە شووشتنی دەستەکان بە ئاو و سابوون بەردەست نەبێت. ئەو پاککەرەوانەی کە ئەلکهول لەخۆدەگرن هۆکارن بۆ لابردنی چەوریی سروشتیی پێست کە دەبێتە هۆی زبربوون وشکبوونی پێست هاوکات لەگەڵ سووتانەوە و تفرکردن و قڵیشان، ئەمەش رێگا خۆش دەکات کە ڤایرۆسەکان کە ئاسانتر بگەنە لەش. هەروەها پاککەرەوەکان هۆکارن بۆ لابردنی هەموو میکرۆبەکانی سەر پێست کە هەندێکیان سوودبەخشن و ئاستی بەرگریی پێست باشتر دەکەن، ئەمەش هۆکارە بە کەمکردنەوەی ئاستی یەکەم هێڵی بەرگریی لەش کە پێستە. ئاماژە بەمەش کراوە کە پاککەرەوەکانی دەست لەوانەیە زیانبەخش بن بۆ ئافرەتی دووگیان بەتایبەتی ئەوانەی کە ماددەکانی بینزالکۆنیۆم کلۆراید Benzalkonium chloride ، ئیسیل ئەلکهول Ethyl alcohol ، یان ئاپزۆپرۆپیل ئەلکهول Isopropyl alcohol لەخۆدەگرن.