ڤایرۆسی كۆرۆنا Coronavirus بە شێوەیەكی سەرەكی تووشی ئاژەڵ دەبێت، پاشان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، (كۆرۆناڤایرۆس)ی شاری ووهانی چین پێكهاتەی جینەكانی خۆی گۆڕیوە و توانای گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەكاندا هەیە. هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو تەمەنێكدا روودەدات، بەتایبەتی منداڵانی ژێر تەمەنی دوو ساڵی و بەساڵاچووانی سەروو 65 ساڵی كە سستمی بەرگریی لەشیان لاوازە، یان كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان. پاش گواستنەوەی كۆرۆناڤایرۆس لە تووشبوویەكەوە و بۆ كەسێكی تەندروست، ئەوا پاش 2-14 رۆژ ئینجا نیشانەكانی تووشبوون سەرهەڵدەدەن، لێرەدا ڤایرۆسەكە لە رێگای كۆكە، پژمین، یان بەركەوتنی راستەوخۆ توانای خۆگواستنەوەی لە نەخۆشەوە بۆ كەسانی دی هەیە. نیشانەكان وەكو نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسە و هەڵامەتن بە شێوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، كۆكە، پژمین، كڕانەوەی قوڕگ، هەناسەتەنگی، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون. كۆرۆناڤایرۆس بە پشكنینێكی تایبەتی خوێن بە ناوی PCR دەستنیشان دەكرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەكانی چین، رێژەی مردن لە تووشبوواندا دەگاتە 2.3%، هەروەها رێژەی نەخۆشەوتنی سەخت دەگاتە 17% . رێگاكانی خۆپاراستن بریتییە لە: پاك و خاوێنی بەتایبەتی زوو زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون، دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بەكارهێنانی دەمامك، دووركەوتنەوە لە تەوقەكردن و لەباوەشگرتن. تا ئیستا هیچ چارەسەرێكی تەواو، یان كوتان بۆ كۆرۆناڤایرۆس لەبەردەستدا نییە، دكتۆر تەنیا چارەسەری نیشانەكان دەكات بۆ سووككردنی حاڵەتەكە.