لە شلەمـەنییە شیـرینكراوەكان دووركەوە

لە شلەمـەنییە شیـرینكراوەكان دووركەوە
شلەمەنییە شیرینكراوەكان Sweetened beverages بریتین لە هەر شلەمەنییەك كە بە شەكری زیاد شیرین كرابێت و گەلێك جار بە قەنادی شل Liquid candy ناوزەد دەكرێن، بۆنموونە سۆدا، خواردنەوە گازدارەكان، شلەمەنییە وزەبەخشەكان، شیرەی دەستكردی میوە، سپۆرت درینك Sport drinks، قاوە و چای شیرینكراو. شلەمەنییە شیرینكراوەكان بەگشتی ناتەندروستییانەن چونكە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن لەگەڵ چەندین ماددەی كیمیایی وەكو رەنگ و بۆن و چێژی كیمیایی و ماددەی پاراستنی خۆراك، بە بێ بوونی هیچ ماددەیەكی سوودبەخشی وەكو ڤیتامین و كانزاكان و ماددەی دژەئۆكسان. زیانی سەرەكیی شلەمەنییە شیرینكراوەكان بۆ رێژە بەرزەكەی شەكر دەگەڕێتەوە، پاشان بۆ ئەو ماددە كیمیاییانەی كە بۆ مەبەستی جیاواز دەخرێنە ناو ئەم شلەمەنییانەوە. زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە شیرینكراوەكان هۆكارن بۆ: زیادبوونی كێشی لەش و ئەگەری قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، بەتایبەتی لە ئافرەتدا، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشی بەگەكان، یان گاوت Gout لەبەر زیادبوونی ئاستی ترشی یوریك لە خوێندا، زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان بەتایبەتی لە منداڵدا، زوو پیربوونی پێست، یان پەیدابوونی لۆچیی پێست.
Top