ژمارەیەكی زۆری دەرمان لە بازاڕ و دەرمانخانەكاندا دەبینین كە بۆ دابەزاندنی كێش بەكاردێن، ئەگەرچی هەندێك لەم دەرمانانە Diet Pills زیانی لابەلا و مەترسی تەندروستی لەخۆدەگرن، بەڵام لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا تەنیا بە رێنمایی دكتۆر چەند جۆرێك دەرمانی دیاریكراو بۆ ماوەیەكی زۆر دیاریكراو بە چاودێریی وردەوە بەكاردەهێنرێن. زیانی لابەلای چەند جۆرێكی ئەم دەرمانانە وەكو سیبوترامین Sibutramine كە ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە بریتین لە: وشكبوونی دەم، بۆرژان، بێهێزیی گشتی، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ناڕەحەتیی دەروونی و هەڵچوون، سكچوون، كەم خەوی، پەیدابوونی گرفت لە گورچیلە و جگەردا. دەرمانی ئۆرلیستات كە بە زینیكال Xenical ناسراوە، هەڵمژینی ماددەی چەوری لە كۆئەندامی هەرس تا رێژەی نزیكەی 30% كەم دەكاتەوە، كە دەبێتە ئەگەری لەدەستدانی ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە، هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی گاز و ئەگەری سكچوون. ژمارەیەكی زۆری دەرمانی گیایی لەبەردەستدان بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان تەنیا وەكو هاندەرێكی دەروونی بۆ پەیڕەوكردنی ریجیم و مەشقی وەرزشی كاریگەرییان هەیە، لەوانەشە كە زیانی لابەلایان هەبێت. تا ئێستا هیچ دەرمانێك نییە كە بەبێ زیان كێشی لەش دابەزێنێت، ریجیمی خۆراكی دروست و مەشقی وەرزشی بە رێنمایی دكتۆر باشترین رێگان بۆ دابەزاندنی كێش.