ژەمی خۆراك لە كاتی خۆیدا پێویستە بۆ دابینكردنی وزە و ماددە گرنگەكان بۆ كاتژمێرەكانی داهاتوو، رەنگە بەس بێت بۆ هەموو جۆرە چالاكییەك تا دەگاتە كاتی ژەمی سەرەكیی داهاتوو، ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ وەرزشوان و كرێكار و ئەو كەسانەی كە بەردەوام كاری فیزیكیی قورس ئەنجام دەدەن، بۆنموونە: پێویستە خۆراك وا رێك بخەیت كە ژەمە سەرەكییەكانت بەلای كەم بكەونە دوو كاتژمێر پێش دەستپێكردنی مەشقی وەرزشی، یان هەر چالاكییەكی فیزیكیی دیكە. سوودەكانی رێكخستنی كاتی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك بریتین لە: رێكخستنی كردارە بایۆلۆژییەكانی لەش، رێكخستنی ئاستی میتابۆلیزمی لەش، هاندانی جگەر بۆ چالاككردنی كرداری رزگاربوونی لەش لە ماددە زیانبەخشەكان Detoxification. كاتی ژەمەكان وا رێكبخە كە ماوەی نێوان سێ ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك لە چوار كاتژمێر زیاتر نەبێت. واباشە كە ژەمی خۆراكی بەیانی لە ماوەی یەك كاتژمێری پاش لەخەوهەڵساندا بێت. ژەمی ئێوارە هەر چەند زووتر بێت باشترە و با ماوەی نێوان ژەمی ئێوارە و نووستن هەرگیز لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت. پێویستە ئەو راستییەش بزانیت كە توانای هەرسكردن لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا كاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ لە بەرزترین ئاستدا دەبێت، پاشان بەرە بەرە كزدەبێتەوە.