دوكەڵی نێرگلە Hookah زووتر لە حاڵەتی ئاسایی هاندەرە بۆ مەیینی خوێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك Stroke زیاد دەكات. توێژەران جەختیان كردۆتەوە كە دوكەڵی تووتن كە لە نێرگلەوە هەڵدەمژرێت فرمانی خوێن تێكدەدات و ئەگەری مەیین، یان پەیدابوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن Blood clots زیاد دەكات، كە هۆكارە بۆ گیرانی خوێنبەركانی دڵ، یان خوێنبەرەكانی مێشك، ئاماژە بەوەش كراوە كە پاش هەڵمژینی دوكەڵی نێرگلە بە تەنیا 11 چركە، ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن زیاد دەبێت، هەروەها دەبێتە ئەگەری گۆڕانی نائاسایی لە سرووشتی لێشاوی خوێندا. دوكەڵی نێرگلە رێژەیەكی بەرزتری ماددەی كیمیاییە زیانبەخشەكان بەراورد بە دوكەڵی جگەرەیەكی ئاسایی لەخۆدەگرێت، ئەوەش روونكراوەتەوە كە دوكەڵی نێرگلە فرمانە سرووشتییەكانی خوێن بەتایبەتی چالاكیی خەپلەكانی خوێن Platelets دەشێوێنێت. نێرگلە تووتنی بۆنداركراو بە ماددەی كیمیایی چێژ و بۆندار لەگەڵ گلیسرین و ماددەی دیكە لەخۆدەگرێت، بۆیە لەكاتی گەرمبووندا جگە لە نیكۆتین و قەتران، ماددەی كیمیایی دیكەش دەگەنە ناو دوكەڵی نێرگلە، كە لەوانەیە زیان بە تەندروستی بگەیەنن، بەتایبەتی تەندروستیی دڵ.