بۆیەی نینۆك Nail polish لەوانەیەپێكهاتەی كیمیایی وا لەخۆبگرێت كە زیانی زۆر بە تەندروستی بگەیەنن. زۆربەی جۆرەكانی بۆیەی نینۆك ماددەی ژەهراوی و زیانبەخشیان تێدایە، كە كاریگەری دەكەنە سەر تەندروستی بەكارهێنەر و كامەندانی سالۆنەكانی ئارایشت و جوانكاری ئافرەتان. بەكارهێنانی بەردەوامی بۆیەی نینۆك زیانی تەندروستیی هەیە بە شێوەی: سووتانەوەی پێست، هەستەوەری، هێڵنج، سەرئێشە، گرفتەكانی كۆئەندامی هەناسە بەتایبەتی هەناسەتەنگی، هەندێك جاریش شێرپەنجە، گرفتی پەیوەست بە كۆئەندامی زاوزێ و نەزۆكی. ماددەی تۆلیون Toluene كە لە بۆیەی نینۆكدا هەیە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار و زاوزێ لەگەڵ ئەگەری سەرئێشە و سووتانەوەی قوڕگ و چاوەكان. ماددەی فۆرمەلدیهاید Formaldehyde شێرپەنجەییە، هەروەها دایبوتیل فتالەیت Dibutyl phthalate كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر كۆئەندامی زاوزێ. ماددە كیمیاییە زیانبەخشەكانی دیكەی ناو بۆیەی نینۆك: كامفۆر Camphor كە دەبێتە ئەگەری هێڵنج و سەرسووڕان و سەرئێشە، نایترۆ سیلیلۆز، هەروەها ئەسیتۆن كە بۆ لابردنی بۆیەی نینۆك بەكاردێت، دەبێتە هۆی وشكبوونی نینۆك و هەستەوەری و هەوكردنی پێست.