تایگەر و زۆربەی جۆرەكانی دیكەی خواردنەوە وزەبەخشەكان ماددەی تۆرین Taurine لەخۆدەگرن كە جۆرێكی پڕۆتینە لە ترشە ئەمین پێكهاتووە و كانزای سۆلفەر لەخۆدەگرێت. پاش تێكشكاندن و شیبوونەوەی ئەم پڕۆتینە لە لایەن بەكتریای رێڕەوەكانی هەرسەوە، ئاوێتەی سۆلفەر پەیدا دەبێت و لەگەڵ هەناسەدانەوەدا بۆنێكی ناخۆش پەیدا دەكات، هاوشێوەی خۆراكی وەكو برۆكۆلی، كەلەرم، پیاز یان سیر. بێگومان جۆری خۆراك پەیوەندی بە بۆنی ناخۆشی دەم و هەناسەوە هەیە Bad breath، بەڵام گەلێك جاریش پەیوەندی نییە. لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نزیكەی 80- 90% ی حاڵەتەكانی بۆنی ناخۆشی دەم پەیوەندییان بە خۆراكەوە نییە، بەڵكو راستەوخۆ پەیوەندییان بە كەموكووڕی لە پاكوخاوێنی دەمەوە هەیە، بۆنموونە بڕی زیادی چینی سەر ددانەكان كە بە (پلەیك Plaque) ناسراوە، گەشەی رێژەیەكی زۆری بەكتریا لە بەشی دواوەی زماندا، نەخۆشیی پوك و ددان، كولبوون و هەوكردنەكانی دەم. جۆری خۆراك، نەخۆشیی جگەر، نەخۆشیی گورچیلە، گرفتەكانی هەرسكردن كە 10- 20% ی هۆكارەكانی بۆنی ناخۆشی دەم پێك دەهێنن. لێرەدا ئەمە بە روونی دەردەكەوێت كە هۆكاری خۆراكی رێژەیەكی زۆر بچووكی حاڵەتەكانی بۆنی ناخۆشی دەم، یان بۆنی ناخۆشی هەناسەپێك دەهێنێت.