لە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی دوندی University of Dundee سكۆتلاندی هاتووە كە هەستی برسیبوون كاریگەری دەكاتە سەر بڕیاردانەكان كە پەیوەست نین بە بڕیارەكانی كڕین و هەڵبژاردنی خۆراك. جەخت لەوەش كراوەتەوە كە هەستی برسیبوون رۆڵی هەیە لە گۆڕینی بڕیارەكان كە گەلێك جار پاش تێربوون هەست دەكرێت كە بڕیارەكان نێگەتیڤن و هەرگیز بە دڵی كەسەكە نین. هەستی برسیبوون سیگناڵی ئەوەیە كە مێشك پێویستی بە سووتەمەنی هەیە، كە شەكری گلوكۆز سووتەمەنی سەرەكییە، لەوكاتەدا ئاستی ماددە خۆراكییەكان لە خوێندا دادەبەزێت، بەمەشەوە مێشك كاردانەوەی سترێس كارا دەكات، باوترین كاردانەوەش بریتییە لە تووڕەبوون، بۆیە زۆربەمان لەكاتی برسیبووندا دوچاری ناڕەحەتی دەبین. گەلێك لێكۆڵینەوە ئەمەیان سەلماندووە كە هەستی برسیبوون كاریگەری دەكاتە سەر مەزاج چونكە برسیبوون وروژێنەرە بۆ سستمی دەماریی ئۆتۆنۆمی و دەردانی هۆرمۆنە بەشدارەكان لە هەڵبەزین و دابەزینی مەزاجدا. بەبێ دابینكردنی بەردەوامی سووتەمەنی لە خۆراكەوە، لەش و مێشك فرمانەكانیان بە دروستی ئەنجام نادەن. مێشك بۆ ئەوەی هاوسەنگیی مەزاج و هەستەكان بپارێزێت، پێویستی بە سووتەمەنی بەردەوام هەیە، كە بە شێوەیەكی سەرەكی بریتییە لە شەكری گلوكۆز، كە لە خۆراكەوە سەرچاوە دەگرێت. دابەزینی خێرای ئاستی شەكری خوێن هاوكات لەگەڵ ناهاوسەنگیی ئاستی ماددە خۆراكییەكان لە خوێندا هۆكارن بۆ هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج.