تووڕەبوون Anger حاڵەتێكە كە هەموومان دوچاری دەبین، بەڵام زیاد تووڕەبوون، یان بەردەوامبوونی تووڕبوون بۆ ماوەیەكی زۆر لەوانەیە كە پەیوەندی بە خەمۆكییەوە هەبێت. گەلێك جاریش تووڕەبوون دەبێتە یەكێك لە نیشانەكانی خەمۆكی Depression. بە پێی لێكۆڵینەوەكان، پەیوەندی لە نێوان ئاستی تووڕەبوون و توندیی خەمۆكیدا هەیە، ئاماژە بەوەش كراوە كە تووڕەبوون بە رێژەی 54% لە تووشبووان بە خەمۆكیدا بەدی دەكرێت. لە لێكۆڵینەوەكاندا جەخت كراوەتەوە كە ئافرەتی تووشبوو بە خەمۆكی زیاتر دوچاری دڵتوندی و هەستكردن بە خەتا Feeling guilty دەبێت، كەچی پیاوانی تووشبوو بە خەمۆكی زیاتر دوچاری ناڕەحەتی و تووڕەبوون دەبنەوە. كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی و تووڕەبوون بەیەكەوە پیاو بن، یان ئافرەت لەوانەیە كە ئەم نیشانانەیان هەبێت: هەستكردن بە ناڕەحەتی، بێ هیوابوون، دڵتوندی، یان هەستكردن بە (بەتاڵی Emptiness)، هەستكردن بە بێ بەهایی، هەستكردن بە خەتا، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، گرفت لە تەركیزكردندا، گۆڕان لە كێشی لەشدا، تێكچوونی خەو، نەمانی چێژوەرگرتن لە حەز و ئارەزووەكان.