بەگشتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا Fever) مەترسیدار نییە، بەڵام لەكاتی دووگیانیدا لەوانەیە كە كاریگەریی نەرێنی بكاتە سەر كۆرپە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش هاوكاتە لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو هەستكردن بە ماندووبوون، سەرسووڕان، هێڵنج، هەستكردن بە سەرما، ئارەقەكردن. كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش لە ئافرەتی دووگیان لەسەر كۆرپە بەگشتی لە دوو گرفتدا كۆدەبێتەوە كە بریتین لە یەكەم: ئەگەری سەقەتی زگماكی بەتایبەتی شەقبوونی مەڵاشوو Cleft palate، سەقەتیی زگماكیی دڵ، كەموكووڕی لە كۆئەندامی دەماردا. دووەم: ئەگەری ئۆتیزم Autism بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا. باوترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش لەكاتی دووگیانیدا ئەمانەن: هەڵامەت، ئەنفلوەنزا، هەوكردنی گوێ، هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە، هەوكردنەكانی میزەڕۆ و كۆئەندامی زاوزێ. چارەسەركردن بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار و دابەزاندنی پلەی گەرمیی لەش دەست پێدەكات، بۆ ئەم مەبەستە لەكاتی دووگیانیدا پاراسیتۆڵ سەلامەتترین دەرمانە.