كیتچەپ Ketchup بە شێوەیەكی سەرەكی لە شیرەی تەماتە پێكهاتووە كە سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، چونكە رێژەیەكی بەرز لە ماددەی لایكۆپێن Lycopene لەخۆدەگرێت، كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و بۆ خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ و زوو پیربوون رۆڵی هەیە. ئەگەرچی كیتچەپ چێژێكی خۆشی هەیە و هاندەرە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن، بەڵام هێندەش تەندروستییانە نییە، چونكە رێژەیەكی بەرزی شەكر و سۆدیۆم(خوێ) لەخۆدەگرێت، لەگەڵ رێژەیەكی بەرزی شیرەی گەنمەشامی كە بە شەكری فركتۆز باركراوە Corn syrup، ئەمە جگە لە سركە، (بەهارات)، ماددەی كیمیایی رەنگ و پاراستنی خۆراك Preservatives. ئەوەش ئاشكرایە كە بڕی زیادی خوێ هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفتی خوێنبەرەكان كە هەردووكیان هۆكارن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشك و نۆرەی دڵ، لە لایەكی دیكەوە رێژەی بەرزی فركتۆز واتە كالۆری زیاد، كە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، هەروەها دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن، پاشان دابەزینێكی خێرا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هێڵنج و هەستكردن بە ماندووبوون، یان سەرسووڕان، بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەدا.