گەلێك كەس پێیان وایە كە تاریكبوون و لەكەی پێستی دەور، یان ژێر چاوەكان Dark circles تەنیا لەبەر هیلاكبوون و كەمخەوی پەیدا دەبێت، بەڵام لە راستیدا تاریكبوون، یان لەكەی پێستی دەوری چاوەكان كە رەنگێكی شین، یان مۆر تا قاوەیی تۆخ، یان رەشیان هەیە، بە پێی رەنگی سرووشتیی پێستی تووشبوو گەلێك هۆكاری دیكەی لەپاڵە وەكو: هەستەوەری، كەمبوونەوەی شانەی چەوری لەژێر پێستی دەوری چاوەكاندا، تەنكبوونی پێستی ژێرچاوەكان، كەمخوێنی لەبەر كەمیی كانزای ئاسن، زیاد بەركەوتن بە تیشكی خۆر، زیاد نووستن، جگەرەكێشان، بەساڵاچوون، بۆماوەیی (زگماك)، گرفتەكانی گلاندی دەرەقی، هەوكردنی پێست Dermatitis، بەكارهێنانی دڵۆپی چاو بۆ چارەسەركردنی ئاوی رەشی چاو Glaucoma. پێویستە ئەوەش لەبیر نەكرێت كە لەكەی دەوری چاوەكان زیاتر لە كەسانی خاوەن پێستی ئەسمەر، یان تاریك باوترە بەرارود بە كەسانی پێست كاڵ یان سپی پێست، هەروەها بۆماوەیی، یان مەیلی خێزانی رۆڵی لە حاڵەتەكەدا هەیە، بۆیە دەبینین كە چەند كەسێك لە هەمان خێزاندا دوچاری دەبن.