كاتێك بە مۆبایل نامە یان پۆستێكت بۆ دێت، بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوە ملی خۆت بۆ لای پێشەوە دەچەمێنیتەوە، ئەم جووڵەیە بەتایبەتی پاش زیاد دووبارەبوونەوەی كە لەوانەیە لە هەندێك كەسدا بگاتە نزیكەی 100 جار، لەوانەیە كاریگەریی نێگەتیڤی بۆ تەندروستیی فیزیكی، یان جەستەیی هەبێت. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە زیاد بەكارهێنانی مۆبایل بەتایبەتی زیاد نامە نووسین و نامە خوێندنەوە یان بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە زیاتر بێت لە پێنج كاتژمێر رۆژانە، هۆكارە بۆ ئازاری مل، چونكە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر شانە نەرمەكانی دەوری بڕبڕەكانی مل. لە گەلێك وڵاتدا حاڵەتەكە بە (مل ئێشەی تێكست كردن Text neck) ناوزەد دەكرێت. بەكارهێنەرانی سمارتفۆن لەكاتی خوێندنەوەی نامەی نووسراودا مل بۆ پێشەوە دەچەمێننەوە، گەلێك جاریش مل بۆلای راست، یان چەپ دەچەنێننەوە، هەروەها مل بە ئاراستەی جیاواز دەسووڕێنن، هاوكات لەگەڵ پۆزیشنی ناتەندروست، یان نەگونجاوی قەدی لەش و قاچەكان، ئەم جووڵە و پۆزیشنە ناتەندروستانەی لەش شانە نەرمەكانی دەوری بڕبڕەكان ئەزیەت دەدەن و دەبنە هۆی ئازار و ناڕەحەتی لە مل بە رێژەی 32%، ئازاری شان تا رێژەی 26%، ئازاری پشت بە رێژەی 20%، ئازاری مەچەك و دەستەكان بە رێژەی 19%.